سۆران جەمال تاهیر: پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی یەكێتییە و پابەندین بە كاندیدی خۆمان

09:08 - 27/09/2022

7902جار خوێندراوەتەوە

د.سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتیی

خەندان-

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەکەیان واژۆی لەسەر کارنامەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردوە و باوەڕی وایە دەبێت کۆبونەوەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە "سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و لەنێو كوردیشدا بەركەوتەی یەكێتییە، بۆیە ئێمەش پابەندین بە كاندیدی خۆمانەوە".

واژۆمان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كردوە
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتیی ئەمڕۆ سێشەممە بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆیان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كردوە بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، لەناو هاوپەیمانێتیەكەشدا جگە لە یەكێتیی و پارتی، چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری و عەزم و بزوتنەی بابلیون بەشدارن".
یەكێتی ئامادەیە بۆ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانی عێراق
ئاماژەی بەوەشکردوە، یەكێتی ئامادەیە بۆ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانی عێراق، لەگەڵ "پارتیش واژۆمان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كردوە کە ژمارەیەك خاڵ و داواكاری لایەنەكانی شیعە و سوننە و كوردیش تێدا جێكراوەتەوە".
هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت خاوەنی 266 كورسی پەرلەمانە
هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەگاتە 266 كورسی لە كۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، كە یەكێتی خاوەنی 18 كورسی، پارتی 31 كورسی، چوارچێوەی هەماهەنگی 130 كورسی، هاوپەیمانی سەروەری 71 كورسی، هاوپەیمانی عەزم 12 كورسی و بابلیونیش خاوەنی 4 كورسیە.
دەبێت كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەستپێبكاتەوە
وتەبێژی یەكێتیی دەڵێت، "لە رابردودا بارودۆخی عێراق پشێوی و ناسەقامگیری بەخۆوە بینیوە و كاریگەری لەسەر رەوت و میكانیزمی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دروستكردوە، یەكێتیی و پارتییش پێیانوایە دەبێت كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەستپێبكاتەوە و بەوپێیەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت و  پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومی لەرێگەی پەرلەمانەوە دەبێت".
پۆستی سەرۆك كۆمار  بەركەوتەی یەكێتییە و پابەندین بە كاندید خۆمان
پەیوەست بە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماریش، د.سۆران جەمال تاهیر باسی لەوەکردوە، "پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی و كوردە و لەنێو كوردیشدا بەركەوتەی یەكێتییە و پابەندین بە كاندیدی خۆمان، لەگەڵ پارتیش لەئاستێكی باڵادا گفتوگۆمان بەردەوامە".