سەڵاحەدین بەهائەدین: کۆچی دوایی یوسف قەرەزاوی کەلێنێکی گەورە لە بواری میانڕەویدا دروست دەکات

04:27 - 26/09/2022

1317جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بۆ کۆچی دوایی  یوسف قەرەزاوی، سەرۆکی پێشوی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، كۆچی دوایی یوسف قەرەزاوی "کەلێنێکی گەورە دروست دەکات لە بواری شەریعەتناسی، میانڕەوی وئیجتهادی هاوچەرخدا".

کۆچی ئەم پیاوە گەورەیەی سەردەم کەلێنێکی گەورە دروست دەکات 
سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین،  ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەدڵێکی پڕلە رازیبون بەئەمری خودا، هەواڵی وەفاتی گەورە زانای ئوممەتی ئیسلام و سەرۆکی پێشوی یەكێتی زانایانی جیهانی موسڵمان جەنابی عەللامە (دکتۆر یوسف قەرەزاوی)، هەمولایەکمانی هەژاند، کۆچی ئەم پیاوە گەورەیەی سەردەم کەلێنێکی گەورە دروست دەکات لە بواری شەریعەتناسی ومیانڕەوی وئیجتهادی هاوچەرخدا".
قەرەزاوی ڕابەری تەوژمی میانڕەوی ئیسلامی سەردەم بو
ئاماژەی بەوەشکردوە، "عەللامەی قەرەزاوی ڕابەری تەوژمی میانڕەوی ئیسلامی سەردەم بو، لەتەمەنی نزیک بەسەدەیەک دا شۆرەسواری مەیدانی خەبات، زیندان، زانست، ئیجتهاد، شیعر، حەقوێژی، داهێنان و ئاوارەیی و بەرەنگاری ستەمکاران بو".
داواکارین خوای باڵادەست ئەم کەلێنە گەورەیە پربکاتەوە
ئەمینداری گشتی یەكگرتو دەڵێت، "بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەوسەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی یەکێتی زانایانی جیهانی موسڵمانان و خانەوادەی بەڕێزی و سەرجەم زانایانی کوردستان وعیراق و جیهان دەکەین. لەخودای پەروەردگار داوا دەکەین پلەی مامۆستای گەورەمان بەرزبکاتەوە لەفردوس الاعلی، هەروا داواکارین خوای باڵادەست ئەم کەلێنە گەورەیە پربکاتەوە و پشتیوانی قوتابی و هاوڕێکانی بکات بۆ تەواوکردنی پرۆژە داهێنانکاریەکەی وپڕکردنەوەی ئەوبۆشاییەی بەئۆغرکردنی پێش هاتوە."

ئەمرۆ دوشەممە بیرمەندی جیهانی ئیسلامی دكتۆر یوسف قەرزاوی، دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشوی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لەتەمەنی 96 ساڵی کۆچی دواییکرد.

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی