خه‌ندان ده‌قی راپۆرتی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌

06:27 - 24/09/2022

787جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئینستیتیوتی په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان (PAY) رایگه‌یاند، دۆخی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌دۆخێكی خراپدایه‌، جگه‌ له‌وه‌ش رۆژ له‌دواى رۆژ په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك رۆڵی پشتگوێده‌خرێت، له‌ واده‌ى خۆیدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجامنادرێت و هه‌مو خوله‌كان ته‌مه‌نی خۆیان درێژكردۆته‌وه‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ گوێ له‌ بڕیاره‌كانى ناگیرێت".

ئینستیتیوتی په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان (PAY)، راپۆرتی ژماره‌ 10ی چاودێریی و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ش، "رۆژ له‌دواى رۆژ په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك رۆڵی پشتگوێده‌خرێت، له‌ واده‌ى خۆیدا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجامنادرێت و هه‌مو خوله‌كان ته‌مه‌نی خۆیان درێژكردۆته‌وه‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ گوێ له‌ بڕیاره‌كانی ناگیرێت، كۆبونه‌وه‌كانی به‌پێی خواستی حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

په‌رله‌مان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو پێشێلكارییه‌ یاساییه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ده‌كرێت ده‌نگ و ره‌نگی نیه‌


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو پێشێلكارییه‌ یاساییه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ده‌كرێت ده‌نگ و ره‌نگی نیه‌ و به‌دواداچون ناكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو بۆخۆیشی به‌شێكه‌ له‌ پێشێلكارى یاسا، له‌م باره‌یه‌وه‌ نمونه‌گه‌لێك له‌به‌رده‌ستن، جگه‌ له‌مانه‌ ئه‌و یاسایانه‌ى ده‌ریان ده‌كات یان كرچوكاڵن و یان ناچنه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، زۆرترین پێشێلكارى په‌یره‌وى له‌ساتی دانیشتنه‌كاندا روده‌دات، زۆرترین گله‌یی و گازانده‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ئه‌مانه‌و چه‌ندین گرفتی دیكه‌ روبه‌ڕوى په‌رله‌مان بونه‌ته‌وه‌".

له‌ خولی به‌هاره‌دا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ نۆ پێشنیاز و پرۆژه‌یاسا كراون


ئینستیتیوتی په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌ خولی به‌هاره‌دا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ نۆ پێشنیاز و پرۆژه‌یاسا كراون، خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ 10 پێشنیازه‌ و پرۆژه‌یاسا كراون، 11 یاسا په‌سه‌ندكراون، له‌كاتێكدا له‌كۆی دانیشتنه‌كانی خولی پێنجه‌مدا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ 75 پێشنیازه‌ و پرۆژه‌یاسا و بڕیار كراون، 41 یاسا و هه‌شت بڕیار په‌سه‌ندكراون".

دۆخی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان له‌ سه‌ره‌تای خولی پێنجه‌وه‌ خراپه‌


ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، "دۆخی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان له‌ سه‌ره‌تای خولی پێنجه‌وه‌ خراپه‌، واته‌ له‌ 6ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2018 تاوه‌كو 31ی (ئاب/8)ی 2022 واته‌ به‌ سێ ساڵ و نۆ مانگ و 24 رۆژ، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ 75 پێشنیاز و پرۆژه‌یاسا و بڕیار كراون و ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان كراون، ده‌بو له‌و ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانه‌وه‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌و پێشنیازه‌ یاساكان راپۆرتیان له‌سه‌ر بنوسرایه‌، به‌ڵام لیژنه‌كان له‌كاتى خۆیدا و به‌پێی په‌یره‌و به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵنه‌ستاون".

چاودێریی و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان کلیک لێرە بکە