شنۆ ئه‌شقی: بڕیارێكی وه‌زیری دارایی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌دان خێزان دروستده‌كات

05:01 - 24/09/2022

8365جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زیری دارایی و كاروباری ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی شه‌خسی و میزاجی ده‌ركردوه‌ و بوه‌ته‌ هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌دان خێزان، ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ش هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه‌ داواكاری گشتی ده‌هێننه‌ سه‌رخه‌ت".

شنۆ ئه‌شقی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "هه‌فته‌ی ڕابردو وه‌زیری دارایی له‌ بڕیارێكی شه‌خسی و میزاجی كه‌ گشتاندنی كردوه‌ بۆ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوبراو كه‌ نابێت فه‌رمانبه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌سی پله‌ یه‌كی خۆی له‌یه‌ك فه‌رمانگه‌ بن، به‌ پێی ئه‌م نوسراوه‌ی وه‌زاره‌ت بێت ئه‌گه‌ر (دو برا، هاوسه‌ر، خوشك و برا ...هتد) له‌ هه‌مان فه‌رمانگه‌ بن ده‌بێت یه‌كێكیان داوای گواستنه‌وه‌ بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و به‌شانه‌ش بن كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كاروباری داراییه‌وه‌ نیه‌".

ئه‌م بڕیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ پاڵپشتیه‌كی یاسایی نیه‌

راشیگه‌یاندوه‌، "ئه‌م بڕیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هیچ پاڵپشتیه‌كی یاسایی نیه‌، هیچ سودێكی كارگێڕی و دارایی به‌وه‌زاره‌ت نابه‌خشێت و بوه‌ته‌ هۆی دروستبونی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌دان خێزان كه‌ له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌ت فه‌رمانبه‌رن".

له‌ پێناو مافی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ داواكاری گشتی ده‌هێنینه‌ سه‌رخه‌ت

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هۆشداریشدایه‌ وه‌زیری دارایی و وتی، "ئه‌گه‌ر وه‌زیری دارایی ئه‌م بڕیاڕه‌ له‌ زوترینكاتدا هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه‌ له‌ پێناو مافی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ داواكاری گشتی ده‌هێنینه‌ سه‌رخه‌ت".