په‌رله‌مانتارێكی ئۆكرانیا: دانوستان له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین

04:57 - 24/09/2022

1096جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامی ئه‌م ریفراندۆمه‌ نایاساییه‌ی روسیا په‌سه‌ند ناكات و دانوستان له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌شیان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێت، "ئه‌نجامی ئه‌م ریفراندۆمه‌، كۆتایی ئه‌و نێوانه‌ كه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان روسیا و وڵاته‌كه‌ماندا ماوه‌".
 
به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی BBC، ئۆلێكسی گۆنكه‌رینكۆ، ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئۆكرانیا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌، هه‌رگیز وڵاته‌كه‌ی رێگه‌ به‌ روسیا نادات ئه‌نجامی ریفراندۆم بۆ داگیركردنی خاكی وڵاته‌كه‌ی به‌كار بهێنێت.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دانوستان له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین
وتیشی، "له‌ چوار هه‌رێمی وڵاته‌كه‌مان ریفراندۆمێكی نا یاسایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دانوستان له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین و ده‌بێت روسیا چیدیكه‌ ئه‌م ریفراندۆمه‌ بۆ هه‌ڵخڵه‌تاندنی جیهان و داگیركردنی وڵاته‌كه‌مان به‌كارنه‌هێنێت".
ئه‌نجامی ئه‌م ریفراندۆمه‌، كۆتایی ئه‌و نێوانه‌ كه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان روسیا و وڵاته‌كه‌ماندا ماوه‌
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، "كێشه‌كان لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ به‌كارهێنانی ئه‌نجامی ئه‌م ریفراندۆمه‌ ساخته‌یه‌ گشت رێگاكان بۆ ئه‌نجامدانی داوستان و كۆتایی هێنان به‌م جه‌نگه‌ ده‌به‌ستێت".
ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم په‌سه‌ند بكرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ روسیا ئه‌نجام ناده‌ین
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئۆكرانیا به‌ ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمه‌ ساخته‌كه‌ی روسیا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ ده‌رگا بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ روسیا ناكاته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگ به‌ روسیا ناده‌ین خاكی وڵاته‌كه‌مان بۆخۆی ببات".
روسیا ده‌یه‌وێت به‌ ترس و تۆقین هاوڵاتیانمان له‌ ناوچه‌كانی خۆیان راوه‌دوبنێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "گرنگترین هه‌نگاوه‌كان له‌ ئێستادا به‌لای ئێمه‌وه‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌مانه‌، ناتوانین به‌ ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی وڵاته‌كه‌مان جێبهێڵین تا روسیا  له‌ رێگای ئه‌نجامدانی جینۆسایده‌وه‌ ته‌واوی هاوڵاتیانمان بكوژێت، چونكه‌ روسیا ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامدانی تاوان هاوڵاتیانمان له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتون راوه‌دوبنێت و هاوڵاتیانی روسی له‌ شوێنیان جێگیر بكات".