كۆمه‌ڵی دادگه‌ری: ئۆباڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئه‌ستۆی حوكمڕانانی هه‌رێمه‌

04:51 - 24/09/2022

949جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عێراق و پرۆژه‌یاسای پاراستنی خێزان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و روداوه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ش، "هه‌رجۆره‌ هه‌نگاوێك بۆ بێ هیواكردنی هاوڵاتیان‌ و دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئۆباڵی دواخستنیشی له‌ئه‌ستۆی حوكمڕانانه‌".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی عه‌لی باپـیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ كۆبونه‌‌‌وه‌ی ئاسایی خۆی له‌شاری هه‌‌‌ولێر ئه‌نجامدا.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ له‌ كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا گفتوگۆی له‌سه‌ر چه‌ند پرس‌و بابه‌تێك كردو، دیدو تێڕوانین‌ و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له‌باره‌یانه‌وه‌ خرایه‌ڕو.

یه‌كه‌م: دژی هه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ك ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام بێت‌، هه‌مو ڕێگایه‌كی مه‌ده‌نیی‌ و یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌وجۆره‌ یاسایانه‌ به‌ تایبه‌ت یاسای توندوتیژیی خێزان، كه‌ چه‌ند بڕگه‌و ماده‌یه‌كی تێدایه‌ پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام‌ و ڕێساو یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی سوپاسی ته‌واوی ئه‌و فڕاكسیۆن ‌و په‌رله‌مانتار و حیزب ‌و لایه‌نه‌ سیاسیی‌ و ڕێكخراوی زانایانی ئیسلامیی‌ و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمییانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هۆشیاریی ته‌واوه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ بونه‌ته‌وه‌و هه‌ڵوێستی ئاینیی‌ و نیشتیمانی خۆیانیان ده‌ربڕیوه‌".

دوه‌م: تایبه‌ت به‌ بارودۆخی عێراق و دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارو پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی ناوه‌ندیی، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی پێیوایه‌ ناوچه‌كه‌و جیهان به‌گشتیی به‌ره‌و قه‌یرانی زیاتر ده‌ڕوات، له‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا ناكرێت عێڕاق له‌ بۆشایی یاسایی‌ و ده‌ستورییدا بێت، ئه‌وه‌ی له‌ عێڕاقدا ده‌گوزه‌رێت له‌ ناته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌ و  ڕێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ پڕ له‌ ساخته‌كارییه‌كه‌ی ساڵی ڕابردوه‌و، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وتی شه‌خصیی‌ و حیزبیی زیاتر بێ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی هاوڵاتیانی عێراق .

داوا ده‌كات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن ‌و له‌ خه‌می هاوڵاتییاندابن‌

بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵ داوا ده‌كات لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن ‌و له‌ خه‌می هاوڵاتییاندابن‌ و له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌كان ڕێكبكه‌ون، چیتر عێراق له‌ بۆشایی ده‌ستوریی‌و یاساییدا نه‌مێنێته‌وه‌.

سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان‌ و نه‌بونی هیچ جۆره‌ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی له‌ كاتی خۆی، ئۆباڵی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ حوكمڕانانه‌ی كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ‌و حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مان، هه‌رجۆره‌ هه‌نگاوێك بۆ بێ هیواكردنی هاوڵاتیان‌ و دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

چواره‌م: تایبه‌ت به‌ ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران به‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی خاتو ژینای سه‌قزیی ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ چه‌ند شارو شارۆچكه‌یه‌ك ناڕه‌زایی هاوڵاتییانی لێكه‌وته‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌، پێویستده‌كات به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ زوترینكاتدا دۆسییه‌ی هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و خاتونه‌ به‌ڕونیی‌ و ڕاشكاویی بخه‌نه‌ به‌رده‌ست گه‌لانی ئێران‌ و ده‌سته‌به‌ردكرنی مافی مرۆڤ‌ و ئازادییه‌كان ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌.

بێ سه‌رپۆشیی گوناهه‌ له‌ ئیسلامدا

كۆمه‌ڵی دادگه‌ری راشیگه‌یاندوه‌، "بێ سه‌رپۆشیی گوناهه‌ له‌ ئیسلامدا، به‌ڵام تاوانێك نیه‌ كه‌ مرۆڤ له‌سه‌ری بگیرێت یان بكوژرێت، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و ڕوداوه‌ بكرێته‌ هۆكاری سوكایه‌تیی به‌ پیرۆزییه‌كانی ئیسلام ‌و مسوڵمانان، داواكارین هه‌مولایه‌ك به‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن". 

نیشانەکردن

كۆمه‌ڵ