ژنانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: كوشتنی ژینا ئه‌مینی و هاورێكانی مه‌حكوم ده‌كه‌ین

04:32 - 24/09/2022

1944جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ژنانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایانگه‌یاند، پرسی ژن له‌هه‌مو جوگرافیایه‌ك به‌پرسی خۆیان ده‌زانن، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كوشتن و ئازاردان و زیندانیكردنی ژن و زه‌وتكردنی ئازادییه‌كانی به‌تایبه‌ت له‌كه‌یسی كوشتنی ژینا ئه‌مینی و هاورێكانیدا مه‌حكوم ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، به‌سه‌رپه‌رشتی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئه‌مڕۆ ژنانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سلێمانی كۆبونه‌وه‌،  له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و په‌یوه‌ست به‌ره‌وشی ژنان به‌گشتی و ژنانی ناو یه‌كێتی به‌تایبه‌تی تاوتوێكران.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی پاشه‌كشه‌كردنی ژنان له‌كایه‌ی سیاسیدا كرا

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی پاشه‌كشه‌كردنی ژنان له‌كایه‌ی سیاسیدا كرا، جه‌ختیشكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێژه‌ی 25%ی ژنان كه‌ له‌په‌یڕه‌ودا چه‌سپیوه‌، هه‌روه‌ها تاوتوێی كاراكردنی رۆڵی ژنانی یه‌كێتی له‌پاراستنی ژینگه‌ كرا و له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رنامه‌ی پێویست دانرا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت دانرا سه‌ردانیكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان، هه‌روه‌ها جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر بایه‌خدان به‌منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتیار و به‌ساڵاچوان".

پێگه‌یاندنی كادری ژن بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی تاوتوێكرا

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "پێگه‌یاندنی كادری ژن بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی له‌رێگای به‌رنامه‌ی هۆشیاریی سیاسیه‌وه‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بو".

پرسی ژن له‌هه‌مو جوگرافیایه‌ك به‌پرسی خۆیان ده‌زانن

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، ژنانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پرسی ژن له‌هه‌مو جوگرافیایه‌ك به‌پرسی خۆیان ده‌زانن، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كوشتن و ئازاردان و وزیندانیكردنی ژن و زه‌وتكردنی ئازادییه‌كانی به‌تایبه‌ت له‌كه‌یسی كوشتنی ژینا ئه‌مینی و هاورێكانیدا مه‌حكوم ده‌كه‌ن.

نیشانەکردن

یەکێتی