عومەری سەید عەلی له‌باره‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان په‌یامێك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات

03:10 - 24/09/2022

1491جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عومەری سەید عەلی له‌گه‌ڵ سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پرسی ئەو ناوچانە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەن، ده‌شڵێت، "ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەمو پشتیوانییەکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەبین".

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، رایگه‌یاندوه‌، ئه‌مڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی بارەگای سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کردوه‌ و لەگەڵ عومەری سەید عەلی کۆبوەته‌وە، لە کۆبونەوەکەدا کە دکتۆر محەمەد شوان ڕێکخەری ژوری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئامادەی بو، ڕاپۆرتێکی زارەکی لەسەر کۆی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و ئەو کێشە و مەترسییانەی کە ڕوبەڕوی ئەو ناوچانە دەبنەوە پێشکەش كردوه‌. 

پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە یەک گوتاری یەک گرتوەوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە 
فەهمی بورهان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، "پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە یەک گوتاری یەک گرتوەوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە و تواناکان یەکبخرێت هاوشانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140ـی دەستور وەک نەخشە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچە کوردستانییانە و ڕێگرتن لە تەعریب و ڕاگواستنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە".
پرسی ئەو ناوچانە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەین
لای خۆیەوە عومەری سەید عەلی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "پرسی ئەو ناوچانە پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە بە بەرنامەیەکی هاوبەشەوە کار بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بکەین، ئێمەش لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەمو پشتیوانییەکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئەبین"، لەو بارەیەوە ژوری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەستە ڕاسپارد.