ئاماری هه‌نارده‌ و داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ سێ مانگدا بڵاوكرایه‌وه‌

11:06 - 24/09/2022

4648جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

كۆمپانیای دیلۆیت رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی سێ مانگی چاره‌كی دوه‌می ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیۆن و  618 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ فرۆشراوه‌، هه‌روه‌ها 237 هه‌زار و 475 به‌رمیل نه‌وتیش به‌ پاڵاوگه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان فرۆشراوه‌، كۆی به‌های نه‌وتی فرۆشراو سێ ملیار و 789 ملیۆن و 290 هه‌زار و 279 دۆلاری ئه‌مریكی بوه‌. 

كۆمپانیای دیلۆیت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ی چاره‌كی دوه‌می ئه‌مساڵدا  له‌ (1-4-2022 بۆ 30-6-2022) بڕی 37 ملیۆن و 618 هه‌زار و 577 به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی بۆریه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كراوه‌، به‌گشتی نرخی یه‌ك به‌رمیل به‌ 100.38 دۆلار فرۆشراوه‌، مۆی گشتی داهاتیش سێ ملیار و 776 ملیۆن و 446 هه‌زار و 251 دۆلار بوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، 237 هه‌زار و 475 به‌رمیل نه‌وتیش به‌ پاڵاوگه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان فرۆشراوه‌، كه‌ نرخی یه‌ك به‌رمیل 54.08 دۆلار بوه‌، كۆی گشتی داهاته‌كه‌شی 12 ملیۆن و 844 هه‌زار و 28 دۆلار بوه‌، به‌وه‌ش كۆی به‌های نه‌وتی فرۆشراو له‌ ماوه‌ی سێ مانگی چاره‌كی دوه‌مدا سێ ملیار و 789 ملیۆن و 290 هه‌زار و 279 دۆلاری ئه‌مریكی بوه‌.

كۆمپانیای دیلۆیت باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ملیارێك و 632 ملیۆن و695 هه‌زار و 597 دۆلار دراوه‌ته‌ شایسته‌ داراییه‌كان و قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، هەروەها تیکڕای پوختەی داهاتی سافیش کە گەڕابێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار و 571 ملیۆن دۆلار بوە کە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و جێبەجیکردنی پڕۆژەکان تەرخان دەکرێت".