هەواڵی ئەمڕۆ

ئیبراهیم رەئیسی گه‌یشته‌ نیویۆرك؛ په‌یامێك ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌كات

02:56 - 20/09/2022

3563جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سەرۆك كۆماری ئێران گه‌یشته‌ نیویۆرك و له‌ لێدوانێكدا سه‌ركۆنه‌ی گه‌رۆكانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی كرد بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی و داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان كرد پشتیوانی لە هەمو دەوڵەتان بكات، نەك وڵاتانی زلهێز بە تەنها.

به‌پێی ئاژانسی ته‌سنیم-ی ئێرانی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری کردن له‌ 77هه‌مین دانیشتنی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان گه‌یشته‌ نیویۆر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان، سەردانەکەی بە دەرفەتێک بۆ ڕونکردنەوەی بۆچونەکانی ئێران ناوبرد و وتی، "نەتەوە یەکگرتوەکان دەبێت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت نەک ته‌نها كار بۆ وڵاتانی زلهێز بكات".

سزا تاكلایه‌نه‌كانی واشنتن بۆ سه‌ر تاران كاریگه‌ری نه‌رێنی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك دروستكردوه‌
سه‌رۆک کۆماری ئێران سه‌ره‌ڕای سه‌ركۆنه‌كردنی گه‌مارۆكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی و وتی، "سزا تاكلایه‌نه‌كانی واشنتن بۆ سه‌ر تاران كاریگه‌ری نه‌رێنی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك دروستكردوه‌"، هاوكات ئاماژەی بە سزاکان کرد وەک "تاکتیکێکی زلهێزەکانی جیهان" بۆ گوشار خستنە سەر گەلانی دیکە.
ئابڵۆقەکان لەگەڵ بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ ژیان و  ئاشتی و ئاسایشدا ناگونجێت

رەئیسی رونیكرده‌وه‌، "ئابڵۆقەکان زیان بە گەلان دەگەیەنن و لەگەڵ بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ ژیان و  ئاشتی و ئاسایشدا ناگونجێت".

مانگی (حوزه‌یران/6) 2018 ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا تلاكلایه‌نه‌ له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ تاران كشایه‌وه‌ و سزاكانی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا سه‌پانده‌وه‌، دواتر له‌وه‌ڵامدا ئێران به‌ چه‌ند قۆناغێك پابه‌ندییه‌كانی به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌مكرده‌وه‌.

5ی ئه‌م مانگه‌، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تاران خواستی ئەوەی هەیە لەرێگەی گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمیی، سەرجەم ئەو سزا و گەمارۆیانە هەڵبوەشێنرێنەوە کە روبەڕوی گەل و حکومەتی ئێران کراونەتەوە، بۆیە لەئێستادا پێشنیازەکانیان بۆ چۆنیەتی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی داوە بە لایەنی ئەوروپی.