هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان ورده‌كاری تاپۆكردنی خانویه‌ك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی بە ملیۆنێك و 393 هه‌زار دینار بڵاوده‌كاته‌وه‌

02:10 - 20/09/2022

8832جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ نوسراوێك له‌ شاری سلێمانی خانویه‌ك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی تاپۆكراوه‌ ته‌نها به‌ ملیۆنێك و 393 هه‌زار دینار، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری ده‌ڵێت، بابه‌ته‌كه‌ "كێشه‌ی یاسایی تیادانیه‌" و له‌ ساڵی 1998ه‌وه‌ لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌و خانوه‌ پێشتر ئه‌و كه‌سه‌ی تیابوه‌ و سودمه‌ندنه‌بوه‌ له‌ هیچ زه‌وی و خانویه‌كی دیكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێیدراوه‌ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خه‌مڵاندنی بۆ كردوه‌، ده‌شڵێت، "له‌سه‌رده‌می د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كردا نه‌كراوه‌".

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نوسراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و نوسیویه‌تی، "بەنوسراوی پارێزگاری سلێمانی و بە ملیۆنێک و 393 هەزار دینار خانویەکی حکومی تاپۆ ده‌كرێت لەسەر کەسێک، کە ئێستا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکی سلێمانییە، ئەو بڕە پارەی وەرگیراوە بۆ ئەو خانوە لەو شوێنەی سلێمانی پارەی  نیو مەتری زەویەکەیەتی".

به‌پێی نوسراوێك كه‌ رۆژی 25 (نیسان/4)ی 2021 ده‌رچوه‌ و واژۆی د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ره‌، ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، به‌شی یاسایی، لیژنه‌ی باڵای خانوه‌ حكومییه‌كان كراوه‌، تیایدا هاتوه‌، "هاوڵاتی (ر، م، م) و خێزانه‌كه‌ سودمه‌ندنه‌بون له‌ (خانو، زه‌وی، شوقه‌) و بفه‌رمون به‌ ئه‌نجامدانی كاری پێویست به‌پێس یاسا و رێنماییه‌كان".

خه‌مڵاندنه‌كه‌ له‌ ساڵی 1998دا كراوه‌ و له‌ نوسراوه‌كه‌ی پارێزگاردا باسی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نه‌كراوه‌

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارێزگای سلێمانی له‌باره‌ی تاپۆكردنی ئه‌و خانوه‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی موڵك و ماڵی میری ده‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكات، به‌ڵام خه‌مڵاندنه‌كه‌ له‌ ساڵی 1998دا كراوه‌ و له‌ نوسراوه‌كه‌ی پارێزگاردا باسی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری و ئه‌و لیژنه‌یه‌ داوایان كردوه‌ و نوسراوه‌كانمان خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان، به‌ڵام موڵك و ماڵی میری خه‌مڵاندنه‌كه‌ی كردوه‌ نه‌ك پارێزگای سلێمانی".

هاوكات رۆژی 6ی (کانونی یەکەم/12)ی 2021، ئاسۆ عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌یه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری نوسراوێكی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تۆماركردنی خانوبه‌ره‌ی سلێمانی/2 كردوه‌ و تیایدا هاتوه‌، "وێنه‌یه‌ك له‌ بڕیاری ته‌ملیكی ژماره‌ (48) له‌ 29-11-2021 ده‌نێرین بۆتان كاری پێویست ئه‌نجامبده‌ن بۆ تۆماركردنی خانوی ژماره‌ ( 272/221) كه‌رتی 1/مه‌ڵكه‌ندی ده‌باشان، كه‌ هاوڵاتی (ر، م، م) ته‌ملیككراوه‌، به‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌ (121) ساڵی 1998".

 لیژنه‌ی باڵای ته‌ملیك و خه‌مڵاندن كاریان تیایدا كردوه‌ و نوسراوێك بۆ ئێمه‌ هاتوه‌ له‌سه‌ر بڕیاری ته‌ملیكردن و خه‌مڵاندنه‌كه‌

ئاسۆ عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ خانوه‌كه‌ موڵكی ده‌وڵه‌ت بوه‌ و ئێمه‌ش وه‌كو خانوبه‌ره‌ی میری نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی دارایین له‌ سنوری پارێزگای سلێمانیدا و رۆتیناتێك هاتوه‌ته‌ لای ئێمه‌ و لیژنه‌ی باڵای ته‌ملیك و خه‌مڵاندن كاریان تیایدا كردوه‌ و نوسراوێك بۆ ئێمه‌ هاتوه‌ له‌سه‌ر بڕیاری ته‌ملیكردن و خه‌مڵاندنه‌كه‌، ئێمه‌ش ناردومانه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگار و تاپۆی سلێمانی".

بابه‌ته‌كه‌ كێشه‌ی یاسایی تیانیه‌ و له‌ ساڵی 1998 لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌و خانوه‌ پێشتر ئه‌و كه‌سه‌ی تیابوه‌ و سودمه‌ندنه‌بوه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بابه‌ته‌كه‌ كێشه‌ی یاسایی تیانیه‌ و له‌ ساڵی 1998 لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌و خانوه‌ پێشتر ئه‌و كه‌سه‌ی تیابوه‌ و سودمه‌ندنه‌بوه‌ له‌ هیچ زه‌وی و خانویه‌كی دیكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێی دراوه‌ و پێشتریش بۆ زۆر كه‌س كراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت مه‌رجه‌كانی تیابێت، كه‌ بریتین له‌وه‌ی پێشتر خۆی تیادا بوبێت و سودمه‌ند نه‌بوبێت و ده‌وڵه‌ت له‌وكاته‌دا پێویستی نه‌بێت كه‌ داوای ته‌ملیكردنه‌كه‌ ده‌كات".

له‌سه‌روی خۆمانه‌وه‌ پێمان وتراوه‌ رێكاره‌كان ته‌واوبوه‌ و لای خۆتانه‌وه‌ نوسراوه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی پارێزگار بكه‌نه‌وه‌

ئاسۆ عوسمان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمه‌ دوای ئه‌وه‌ نوسراوه‌كه‌مان كردوه‌ كه‌ له‌سه‌روی خۆمانه‌وه‌ پێمان وتراوه‌ رێكاره‌كان ته‌واوبوه‌ و لای خۆتانه‌وه‌ نوسراوه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی پارێزگار بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ خانوه‌كه‌ موڵكی پارێزگاره‌ و خه‌مڵاندنه‌كه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵاو كراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ئێمه‌ نه‌مانكردوه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌".

ئه‌م خانوه‌ كه‌ تاپۆكراوه‌ له‌سه‌رده‌می د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كردا نه‌كراوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری وتیشی، "ئه‌م خانوه‌ كه‌ تاپۆكراوه‌ له‌سه‌رده‌می د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كردا نه‌كراوه‌ به‌ڵكو له‌ ساڵی 1998ه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشه‌وه‌ بڕیارمان بۆ هاتوه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ وه‌كو فه‌رمانێك بۆ ئێمه‌ هاتوه‌".

بۆ تاپۆكردنی ئه‌و خانوه‌ ته‌نها بڕی ملیۆنێك و 393 هه‌زار و 250 دینار له‌و هاوڵاتییه‌ وه‌رگیراوه‌

به‌پێی نوسراه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌یه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری، بۆ تاپۆكردنی ئه‌و خانوه‌ له‌سه‌ر (ر، م، م) كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌ له‌ سه‌نته‌ری شاری سلێمانیدا ته‌نها بڕی ملیۆنێك و 393 هه‌زار و 250 دینار له‌و هاوڵاتییه‌ وه‌رگیراوه‌، هه‌روه‌ها فه‌رمانكراوه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ مامه‌ڵه‌ به‌ موڵكه‌كه‌وه‌ نه‌كرێت.

نیشانەکردن

سلێمانی