خه‌ندان دو هه‌ڵوێستی "دژ به‌ یه‌ك"ی عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود له‌باره‌ی چه‌مچه‌ماڵ بڵاوده‌كاته‌وه‌

12:12 - 17/09/2022

7084جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود له‌ ساڵی 2015دا كاتێك په‌رله‌مانتاری كوردستان بوه‌ واژۆی له‌سه‌ر نوسراوێك كردوه‌ كه‌ داوا ده‌كات چه‌مچه‌ماڵ بكرێته‌ "پایته‌ختی شه‌هیدان"، به‌ڵام له‌ دوای بون به‌ وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و نازناوه‌ بدرێته‌ چه‌مچه‌ماڵ.

به‌پێی پڕۆژه‌ بڕیارێك كه‌ (26-4-2015) ئاماده‌كراوه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوه‌، واژۆی 58 په‌رله‌مانتاری خولی چواره‌می كوردستانی له‌سه‌ره‌، داواكراوه‌ چه‌مچه‌ماڵ بكرێته‌ "پایته‌ختی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان"، یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه‌ واژۆی كردوه‌ عه‌بدوڵای حاجی مه‌حموده‌، كه‌ ئێستا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانه‌، به‌ڵام رۆژی 16ی (حوزه‌یران/6)ی 2022 ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

ئه‌و نوسراوه‌ی كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ره‌ئی وه‌زیری و وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌ 
عادل مه‌لا ساڵح، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌و نوسراوه‌ی كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و داواكاریه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ چه‌مچه‌ماڵ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ره‌ئی وه‌زیری و وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ته‌ و هیچ شتێكی نوێمان له‌وباره‌یه‌وه‌ نیه‌".
ئه‌مڕۆ كه‌ وه‌زیره‌ وه‌كو وه‌زیر وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ و دوێنێ وه‌كو په‌رله‌مانتار ره‌ئیه‌كی هه‌بوه‌
په‌یوه‌ست به‌و یاداشته‌ی كه‌ پێشتر عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود له‌كاتی په‌رله‌مانتاریدا واژۆی له‌سه‌ركردوه‌ و ئێستاش ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌، عادل مه‌لا ساڵح وتی، "ئه‌مڕۆ كه‌ وه‌زیره‌ وه‌كو وه‌زیر وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ و دوێنێ وه‌كو په‌رله‌مانتار ره‌ئیه‌كی هه‌بوه‌، ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی جیاوازی هه‌یه‌".
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر داوای نوێی په‌رله‌مان بوه‌
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی خه‌ندان، وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر داوای نوێی په‌رله‌مان بوه‌ كه‌ له‌م خوله‌دا داوای له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان كردوه‌ ه‌ چه‌مچه‌ماڵ بكرێته‌ "پایته‌ختی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان".
ئه‌گه‌ر چه‌مچه‌ماڵ بكرێته‌ پایته‌ختی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئه‌ی چی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بڵێین
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر چه‌مچه‌ماڵ بكرێته‌ پایته‌ختی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ئه‌ی چی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بڵێین كه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج خوله‌كدا پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌بو؟ هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین به‌ پایته‌ختی چی؟ گه‌رمیان بكه‌ین به‌ پایته‌ختی چی؟، ئه‌ی بادینان كه‌ له‌ ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا هه‌شت هه‌زار بارزانی جینۆساید كرا ناو بنێین چی؟ هه‌مو كوردستان خاوه‌نی شه‌هیدو ئه‌نفاله‌". 
  ئه‌گه‌ر بادینان و بازرانیش داوای بكه‌م ئه‌و نازناوه‌یان نادرێتێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بدرێت به‌  بادینان و بازران ئه‌وا چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان مه‌غدورن
ئه‌و سه‌رچاوه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و پێی باش نه‌بو ناوی ئاشكرا بكرێت، وتیشی، "بابه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكاری چه‌مچه‌ماڵ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نیه‌ و ئه‌گه‌ر بادینان و بازرانیش داوای بكه‌م ئه‌و نازناوه‌یان نادرێتێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بدرێت به‌  بادینان و بازران ئه‌وا چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان مه‌غدورن، ئه‌گه‌ر بدرێت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش شوێنه‌كانی تر مه‌غدورن، ئێمه‌ش نامانه‌وێت هیچ ناوچه‌یه‌ك مه‌غدور بێت، هه‌مو كوردستان خاوه‌نی شه‌هید و ئه‌نفالن و هیچ ته‌حلیلێكی سیاسی هه‌ڵناگرێت".
رەتیدەکەینەوە
كه‌ چه‌مچه‌ماڵ وه‌كو پایتەختی شه‌هید و ئه‌نفال بناسێنرێت 14ی ئه‌م مانه‌، د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، "دوابه‌دوای وه‌رگرتنی راو سه‌رنجی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ ژماره‌ (91 له‌ 16-6-2022) ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پشتگیری له‌ رای وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌كه‌ین، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌مچه‌ماڵ وه‌كو پایتەختی شه‌هید و ئه‌نفال بناسێنرێت، چونكه‌ زۆرێك له‌ناوچه‌كانی كوردستان خاوه‌نی شه‌هیدن و یاده‌كانیش له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان ده‌كرێته‌وه‌".

بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوخۆی كوردستاندا نیگه‌رانی لێكه‌وتوه‌، هه‌ر راسته‌وخۆ دوای ئه‌و بڕیاره‌، سه‌لمه‌ فاتیح، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، "حکومەتێک چواردێڕ شانازی نابەخشێت بە شارێکی وەک چەمچەماڵ کە پڕە لە قوربانی و خۆفیدای ئیتر مافی ئەوەی نیە سڵاو بۆ خەڵکەکەی و بۆ شەهیدەکانی بنێرێت".
جەنابی وەزیر تۆڵەی دەرکردنەکەی لە یادی ئەنفال لە خەڵکی چەمچەماڵ کردەوە

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "جەنابی وەزیر تۆڵەی دەرکردنەکەی لە یادی ئەنفال لەخەڵکی چەمچەماڵ کردەوە، بەڵام ئایا جارێکی تر دەڕواتەوە ئەو شارە و سڵاو بۆ کەس و کاریان دەنێرێت، یان بەرپرسانی حکومی ڕوی چونە ئەو شارەیان هەیە؟".