زلێنسكی: گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵمان دۆزیوه‌ته‌وه‌

10:14 - 16/09/2022

1930جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ڤۆلۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، له‌ شاری ئیزیۆمی سه‌ر به‌ هه‌رێمی خاركیڤ كۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌ئه‌مڕۆوه‌ رێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان و ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو ئه‌و گۆڕه‌دان ده‌ستپێده‌كات.

ڤۆلۆدمیر زلێنسكی له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا له‌ تێلیگرامی تایبه‌تی خۆی  رایگه‌یاندوه‌، گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌شاری ئیزیۆمی سه‌ر به‌ هه‌رێمی خاركیڤ دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌وردی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو گۆڕه‌كه‌دان نه‌زانراوه‌.

تیمه‌كانمان رێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن

وتیشی، "ئه‌مڕۆ له‌ ئیزیۆم ڕۆژنامه‌نوسانی ئۆكراینی و نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ییان ده‌بێت و تیمه‌كانمان رێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت جیهان بزانێت به‌ڕاستی چی ڕوده‌دات و داگیركاری ڕوسیا چی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌مان هێناوه‌".

روسیا به‌رپرسیار ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌مان ئه‌نجامیداوه‌

ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو، "روسیا به‌رپرسیار ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌مو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌مان ئه‌نجامیداوه‌، پێویستیشه‌ جیهان هه‌مو كرده‌وه‌كانی روسیا له‌به‌رچاو بگرێت، هیچ شوێن و ناوچه‌یه‌كیش له‌وڵاته‌كه‌مان بۆ روسیا نامێنێته‌وه‌".

به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كان، ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی له‌ شاری ئیزیۆم دۆزراوه‌ته‌وه‌ روفاتی نزیكه‌ی 440 كه‌سی تێدایه‌، زۆربه‌شیان له‌ڕێگه‌ی ده‌ستڕێژی گولله‌ و به‌شێكیشیان له‌ئه‌نجامی تۆپبارانه‌كانی روسیا كوژراون.

نیشانەکردن

ڤۆلۆدمیر زلێنسكی