خەندان-
کۆشکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سهرۆكی وڵاتەکەیان لە روداوێکی هاتوچۆدا لە کیێڤ بە سوکی برینداربوە و لەئێستادا چارەسەری پێویستی وەرگرتوە.
لە دەوروبەری کیێڤ توشی روداوێکی هاتوچۆ بوە و بەسوکی برینداربوە
کۆشکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ڤۆلۆدمیر زلێنسكی، سهرۆكی ئۆكرانیا لەکاتی گەڕانەوەیدا لە شاری ئیزیۆمی سەر بە خارکیێڤ، لە دەوروبەری شاری کیێڤی پایتەخت توشی روداوێکی هاتوچۆ بوە و بەسوکی برینداربوە.
لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت روداوەکە تیرۆرستی بوە یاخود نا
ئەوەش هاتوە، "سەرۆک زلێنسكی چارەسەری پێویستی وەرگرتوە و برینەکەی مەترسیدار نیە، لەئێستاشدا لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت روداوەکە تیرۆرستی بوە یاخود نا".
لە هەوڵی تیرۆرکردنی زێلێنسکی ئاگادارکراوینەتەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا لەماوەی جەنگی حەوت مانگەی وڵاتەکەی لەگەڵ روسیا چەندجارێک روبەڕوی هەوڵی کوشتن بوەتەوە، پەیوەست بەم بابەتەش ئۆلیکسی دانیلۆڤ، راوێژکاری ئەنجوومەنی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا ڕایگەیاندوە،"لەلایەن چەند ئەندامێکی خزمەتگوزاریی هەواڵگریی روسی، ئەوانەی پشتگیری لە شەڕ ناکەن، زانیاری بە بەرپرسانی ئۆکرانی دراوە و لە هەوڵی تیرۆرکردنی زێلنسکی ئاگادارکراونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، "تیمێکی دەستەبژێری هێزەکانی چیچان، کە بە کادیرۆڤیت ناویان دەرکردوە، دەستیان لەپشت چەند هەوڵێکی شکستخواردوی تیرۆرکردنی زێلنسکییەوە هەبوە".