سوپای ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکات؛ هەڕەشەکەی پوتنیش رۆژئاوا دەخاتە دڵەڕاوکێوە

06:10 - 13/09/2022

23683جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ژمارەیەک شار و شارۆچکەی وڵاتەکەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی روسیا کە بە هەزاران کیلۆمەتر ناوی دەبات، لە بەرامبەریشدا تادێت مەترسییەکانی بڕیاری داهاتوی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا بۆسەر وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر دەبێت کە لەسەرەتاوە هەڕەشەی تا بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردبو ئەگەر حکومەتی ئۆکرانیا دەرگای وڵاتەکەی بۆ ناتۆ واڵا بکات.

سوپای ئۆکرانیا لە چەندین قۆڵی سەربازییەوە پێشڕەوییان کردوە

کەناڵی سکای نیوزی بریتانی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی حکومەتی ئۆکرانیا جەخت دەکەنەوە کە سوپای وڵاتەکەیان لە چەندین قۆڵی سەربازییەوە پێشڕەوییان کردوە و سوپای روسیا کەتوەتە دۆخێکی گۆشەگیرییەوە، ئەوەش مەترسی هۆشدارییە توندەکەی سەرۆکی روسیا زیاتر دەکات کە لەسەرەتای هێرشی وڵاتەکەی بۆسەر حکومەتی کیێڤ، هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ تا ئاستی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دژی ئەو وڵاتە دەڕوات، بۆ راگرتنی "زیادەڕۆییەکانی کیێڤ".

مۆسکۆ روبەڕوی ناڕەزایی ناوخۆیی  بوەتەوە

ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای روسیا لەماوەی هەفتەی رابردودا "زیانێکی زۆری" بەرکەوتوە بەتایبەت لە خارکیێڤ، کە هێزەکانی مۆسکۆ لەگەڵ پاشەکشەیان لەو ناوچەیە هێرشیانکردوەتەسەر بنکەی کارەبای شارەکە و کارەبایان بڕیوە، هەروەها بەهۆی بەردەوامی کشانەوەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ روبەڕوی ناڕەزایی ناوخۆیی بوەتەوە.

هێزەکانی روسیا  بژاردەی زۆریان نییە

پەیوەست بەم بابەتەش مایکل کلارک، شیکەرەوەی بەرگری بە ماڵپەرەکەی راگەیاندوە، هێزەکانی ئۆکرانیا بە پشتبەستن بە شێوازی بەرگریی و هێرشبردنی سەردەمیانە پێشڕەویانکردوە و رۆژانە دەیان کیلۆمەتر لە خاکی وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی روسیا  بژاردەی زۆریان نییە، چونکە بە تەواوی کشاونەتەوە و کاتیان دەوێت تا هێزی هێرشکردنیان دەست بکەوێتەوە.

ڕوسەکان چەک و پێداویستی دیکەی سەربازییان لەو ناوچەیە تەواو بوە

ئەوەشی خستوەتەڕو، لە لە خێرسۆن ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە هەیە کە هێزەکانی روسیا داوای ئاگربەستی ناوخۆیی یان خۆرادەستکردنیان کردوە، چونکە ڕوسەکان چەک و پێداویستی دیکەی سەربازییان لەو ناوچەیە تەواو بوە، دوای ئەوەی ئەو پردانە لەلایەن ئۆکرانییەکان تەقێنرانەوە کە لەرێگەیانەوە پێداویستی لۆجستی دەگەیشتە هێزەکانی مۆسکۆ.

 لەئێستاشدا هێزەکانمان لە پێشڕەوی بەردەوام دان

دوێنێش سوپای ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە باشوری وڵاتەکەی زیاتر لە  500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنتڕۆڵکردوەتەوە، لەو نێوانەشدا زیاتر لە 20 شار و شارۆچکە "ئازاکراون، لەئێستاشدا هێزەکانمان لە پێشڕەوی بەردەوام دان".

سوپای ڕوسیا بژارده‌ی دروست هه‌ڵده‌بژێرێت و هەڵدێت 

لای خۆیەوە ڤۆلۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا ڕایگه‌یاند، سوپای ئۆكرانیا له‌ مانگی (ئه‌یلول/9) ئه‌مساڵدا دو هه‌زار كیلۆمه‌تر خاكی وڵاته‌كه‌ی كۆنتڕۆڵكردۆته‌وه‌، سوپای ڕوسیاش بژارده‌ی دروست هه‌ڵده‌بژێرێت له‌ هه‌ڵاتن له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵات و باشوری ئۆكرانیا.

سوپای ئۆكرانیا هێرشی پێچه‌وانه‌ ده‌ستپێكردوە

سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول، هێزه‌كانی سوپای ئۆكرانیا بۆ یه‌كه‌مجار هێرشی پێچه‌وانه‌ی له‌ باشوری وڵاته‌كه‌یان دژ به‌ سوپای روسیا ده‌ستپێكرد، له‌م هه‌فته‌یه‌شدا له‌ به‌شی باكوری رۆژهه‌ڵاتی خاركیڤ پێشڕه‌ویان كرد.