هەرێمی کوردستان؛ نرخی مریشک دادەبەزێت

09:41 - 12/09/2022

24736جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی ڕوی لە دابەزین کردوە و لەم کاتەدا نرخی کیلۆیەک مریشک لە  کێڵگە پەلەوەریەکان بە 1900 دینار دەفرشرێت، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانیش دەڵێت، بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک زیاتر لە 3000 دینار لەسەر خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکان دەوەستێت و بەوهۆیەش زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت.

 نرخی کیلۆیەک مریشک لە  کێڵگە پەلەوەریەکان بۆ 1900 دینار دابەزیوە

نازم عبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە خەندان-ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک مریشک لە  کێڵگە پەلەوەریەکان بۆ 1900 دینار دابەزیوە، لەکاتێکدا هەر کیلۆیەک مریشک زیاتر لە 3000 دینار لەسەر خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکان وەستاوە.

داوامانکردوە هاورکردەکردنی مریشکی بەستوە رابگیرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخە زیانێکی زۆر بە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دەگەیەنێت، ئەوان دەیانجار لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتی هەرێم کۆبونەتەوە و داوایانکردوە بەمەبەستی بەبازارکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هاورکردەکردنی مریشکی بەستوە رابگیرێت، بەرهەمی ئێستای پەلەوەر هەڵبگیرێتەوە وبیدات بە چێشتخانە، بنکەی تەندروستی و شوێنە گەشتیارییەکان، هەروەها داوایانکردوە حکومەت بۆ پێداویستی گۆشت بۆ هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە سود لە بەرهەمی ناوخۆ وەربگرێت.

حکومەت هاوکاری ئەم کەرتە ناکات کە بەرەو پێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئەوەشی خستەڕو، بەڵام تائێستا بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ بەدەمەوەهاتنێکیان بۆ داواکارییەکانیان نەبوە، ئەوەش مایەی نیگەرانی ئەوانە کە حکومەت هاوکاری ئەم کەرتە ناکات کە بەرەو پێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و دەیان هەزار هەلی کاری دابینکردوە.