خەندان-
ئەمڕۆ یەکشەممە هاوڵاتیانی سوید بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان و هەڵبژاردنی 349 ئەندامی نوێی پەرلەمان ڕویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان لە هەڵبژاردنەکەدا پارتە چەپەکان جارێکی دیکە زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنایەوە و بەجیاوازییەکی کەم پێش پارتە راستڕەوەکان کەوتون.
ماگدالینا ئەندرسن جارێکی دیکەش لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی سوید دەمێنێتەوە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانی پارتە چەپەکان، ماگدالینا ئەندرسن جارێکی دیکە لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی سوید دەمێنێتەوە، هەروەها لە هەڵبژاردنەکەدا چوار کاندیدی کوردیش دەنگی پێویستیان بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان بەدەستهێناوە کە ئەوانیش بریتین لە گولان ئاڤجی لە پارتی لیبراڵ، لاوێن رێدار و قادر کاسیرگا لە پارتی سۆسیال دیموکرات و سەرکان کۆسە لە پارتی سۆسیال دیموکرات.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوید کورسی پارتەکان بەم شێوەیەیە:
پارتی سۆسیال دیموکرات: 104 کورسی
پارتی دیموکراتەکانی سوێد: 72 کورسی
پارتی مۆدێرات: 66 کورسی
پارتی چەپ: 25 کورسی
پارتی سەوز: 20 کورسی
پارتی سەنتەر: 27 کورسی
پارتی لیبراڵ: 18 کورسی
پارتی کریستیان دیموکرات: 22 کورسی
کۆی دەنگی پارتە چەپەکان: 49.8٪
کۆی دەنگی پارتە راستڕەوەکان: 49.2٪

پارتە چەپەکان تائێستا 176 کورسییان بەدەستهێناوە
کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی سوێد 349 کورسییە، هەر پارتێکی سیاسی یان هاوپەیمانییەک بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت پێویستی بە دەنگی 175 پەرلەمانتار هەیە، پارتە چەپەکان تائێستا 176 کورسییان بەدەستهێناوە و پارتە راستڕەوەکانیش بونەتە خاوەنی 173 کورسی.