زلێنسكی: سوپاکەمان توانیویەتی هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ئازادبكات

03:24 - 09/09/2022

1723جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، سوپاکەیان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی توانیویەتی له‌ رێگه‌ی هێرشی پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی زۆری خاكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی خاركیڤ و چه‌ند هه‌رێمێكی دیكه‌ لە ژێر دەستی روسیا رزگاربكه‌ن و لە هەمانکاتیشدا، سوپاسی هاوكارییه‌ نوێیه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاشی كرد. 

به‌پێی رۆژنامه‌ی The Guardian، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌، سوپای وڵاته‌كه‌ی توانیویانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێشڕه‌وییه‌كی باش به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن و هێزه‌كانی داگیركار پاشه‌كشه‌ پێبكه‌ن.

سوپاكه‌مان تا ئێستا توانیویەتی زیاتر له‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر دوجا له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان  ئازادبكه‌ن
وتیشی، "سوپای وڵاته‌كه‌مان تا ئێستا توانیویەتی زیاتر له‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر دوجا له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ژێر ده‌ستی داگیركاران ئازادبكه‌ن و پێشه‌ڕه‌وییه‌كی ئێجگار باشیش له‌رێگه‌ی هێرشه‌ پێچه‌وانه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن".
زیاتر له‌ 51 هه‌زار سه‌ربازی روسیا له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ و هێڵه‌كانی به‌رگری كوژراون
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ سوپای وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وامن له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا و تا ئێستاش زیاتر له‌ 51 هه‌زار سه‌ربازی روسیا له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ و هێڵه‌كانی به‌رگری كوژراون".
سوپاسی ته‌واوی رۆڵه‌كانی وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌رنگاربونه‌وه‌ی ده‌ستی داگیركار سڵناكه‌نه‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "سوپاسی ته‌واوی رۆڵه‌كانی وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ له‌ به‌رنگاربونه‌وه‌ی ده‌ستی داگیركار سڵناكه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌مان له‌ 200یه‌مین رۆژ له‌م جه‌نگه‌ بێ پاساوه‌ پارێزگارییان له‌ بست به‌ بستی خاكی وڵاته‌كه‌مان كردوه‌".
سوپاسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ده‌كه‌ین 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "سوپاسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاش ده‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌ڕی 675م ملیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازیی نوێ ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌به‌ بڕی یه‌ك ملیار دۆلار هاوكاری سه‌ربازی دیكه‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ وڵاته‌كه‌مان كه‌ له‌لایه‌ن 19 وڵاتی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ دابینكراوه‌".

له‌ 24ی (شوبات/2)ی 2022، هێزه‌كانی روسیا به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا به‌ ناوی ئۆپراسینی "پاراستنی ناوچه‌كانی دۆنباس" هێرشێكی به‌رفراوان كرایه‌ سه‌ر ئۆكرانیان و سه‌ره‌ڕای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی سوپای ئۆكرانیا دژ به‌ روسیا، به‌ڵام تا ئێستا شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان هێزه‌كانی مۆسكۆ و كیێڤ به‌رده‌وامه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش هێرشی پێچه‌وانه‌ له‌نێوان هه‌ردولادا له‌ خاركیڤ و چه‌ند هه‌رێمێكی دیكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.