زلێنسكی: گومان له‌ سه‌ركه‌وتنی وڵاته‌كه‌مان نییه‌

08:14 - 08/09/2022

1496جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، سوپای وڵاته‌كه‌ی توانیویانه‌ له‌ هه‌رێمی خاركیڤ و رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا هێزه‌كانی روسیا پاشه‌كشه‌ پێبكه‌ن و ده‌شڵێت، "دڵنیاین ئاسۆ سه‌ركه‌وتن و ئازادیش له‌ ئێمه‌ هه‌ڵدێت".

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تێلگرام بڵاویكرده‌وه‌، "به‌ره‌وپێشچونێكی باشمان له‌ هه‌رێمی خاركیڤ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و سوپای وڵاته‌كه‌مان توانیویانه‌ هێزه‌كانی داگیركار له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشوری رۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌مان پاشه‌كشه‌ پێبكه‌ن".

ئازادی بۆ رۆڵه‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌گێڕینه‌وه‌
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئۆكرانیا و ئۆكرانییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌كی گومانیان له‌ سه‌ركه‌وتنی رۆڵه‌كانمان دژ به‌ ده‌ستی داگیركارانمان نه‌بوه‌ و داهاتوشمان زۆر رون و ئاشكرایه‌ و ئازادی بۆ رۆڵه‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌گێڕینه‌وه‌".
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ به‌رامبه‌ر بستێك له‌خاكی ئۆكرانیا نه‌رم ناكه‌ن
سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمه‌ هه‌م كات، هه‌م رێڕه‌وێكی زۆر دورودرێژمان له‌ پێشه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی بتوانین وڵاته‌كه‌مان له‌ ده‌ستی داگیركاران ئازادبكه‌ین و ئاماده‌شنین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ به‌رامبه‌ر بستێك له‌خاكی ئۆكرانیا نه‌رم بكه‌ین". 
دڵنیاین ئاسۆی سه‌ركه‌وتن و ئازادیش له‌ ئێمه‌ هه‌ڵدێت
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "به‌هیچ شێوه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی داهاتوی وڵاته‌كه‌مان نیگه‌رانین، چونكه‌ سه‌ركه‌وتن بۆ ئێمه‌یه‌ و ده‌یتوانین پێكه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ئۆكرانیا بخه‌ینه‌وه‌ سه‌ر پێیه‌كانی خۆی و دڵنیاین ئاسۆی سه‌ركه‌وتن و ئازادیش له‌ ئێمه‌ هه‌ڵدێت".