بافڵ جەلال تاڵەبانی: رێگە بەهیچ کەسێک نادەین دەست بۆ ماف و موڵکی گشتی ببات

07:30 - 07/09/2022

2379جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆبوەوە و رایگەیاند، بەردەوام لە ھەوڵدا بوە تاوەکو کێشەکان لە رێگای گفتوگۆوە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێن، جەختیش دەکاتەوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دژی گەندەڵی دەوەستنەوە و "رێگە بەهیچ کەسێک نادەین دەست بۆ ماف و موڵکی گشتی ببات".

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەری کە پێکھاتبون لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤن ھیکس کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان.

یەکگوتاریی کورد لە بەغدا فاکتەری پاراستن و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستورییەکانی کوردە
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکۆبونەوەکەدا باسی لەوەکردوە، "لەسەرەتاوە هەوڵەکانمان لەپێناو یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان بوە. چونکە پێمانوایە یەکگوتاریی کورد لە بەغدا فاکتەری پاراستن و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستورییەکانی کورد و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمە. لەسەر ئاستی عێراقیش دەستور بنەمای کارکردنمانە و باوەڕی نەگۆڕمان بە تەبایی و پێکەوەژیانە و دەمانەوێت هەموان پێکەوە لەپێناو بونیادنانی داهاتویەکی گەشتر کار بکەین."
نابێت کێشەسیاسییەکان ببەسترێتەوە بەقوتی خەڵک و دەبێت سامانی ئەم وڵاتە لە خزمەت هەمواندا بێت
‏‎سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش لەنێوان ھەرێم و بەغدا، سەرۆکی یەکێتی ئەوەی خستوەتەڕو، "پابەندنەبون بە دەستور و یاسا بەرکارەکان و ململانێ سیاسییەکان ھۆکاربوە بۆ رێکنەکەوتن و پێنەدانی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. هەرچەندە پێمانوابوە نابێت کێشەسیاسییەکان ببەسترێتەوە بەقوتی خەڵک و دەبێت سامانی ئەم وڵاتە لە خزمەت هەمواندا بێت. بەردەوام لە ھەوڵیشدا بوین تاوەکو کێشەکان لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکەین و تیمی یەکێتیش لە حکومەت رۆڵی گرنگی لەوبارەیەوە گێڕاوە."
بەهەموشێوەیەک دژی گەندەڵی و تەمبەڵی دەوەستمەوە
لەبارەی روبەڕونەوەی گەندەڵی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێم،  بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەی خستوەتەڕو، "بەهەموشێوەیەک دژی گەندەڵی و تەمبەڵی دەوەستمەوە. ئەرکی ئێمەیە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییانمان دەستەبەر بکەین و بۆ ئەمەش رێگە بەهیچ کەسێک نادەین دەست بۆ ماف و موڵکی گشتی ببات".

نیشانەکردن

بافل تاڵەبانى