سەڵاحەدین محەمەد بەهادین: دواخستنی هەڵبژاردنەکان جێگەی نیگەرانیە

04:39 - 05/09/2022

1305جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەڵاحەدین محمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند،  ئامانجەكان بۆ ئەوە دەچن هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوادەخرێت كە ئەوەش جێگەی نیگەرانیە، بەڵام پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەپێناو شكۆی هەرێمدا لەڕوی نێودەوڵەتیەوە ڕێگری بكەن لەوەی ئەو دواكەوتنە كاتێكی زۆر بخایەنێت و لەماوەیەكی كەمدا كاتی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت.

نەتوانراوە چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ناكۆكیەكان لەنێوان لایەنەكان بدۆزرێتەوە كە هاوڵاتیان نەبنە سوتەمەنی

سەڵاحەدین محمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شورای گشتی حزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، چارەسەرنەبونی دو ئیدارەیی كاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان كردوە، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی، جێی داخە پاش دەیان ساڵ لەناكۆكی نەتوانراوە چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ناكۆكیەكان لەنێوان لایەنەكان بدۆزرێتەوە كە هاوڵاتیان نەبنە سوتەمەنی".

لەماوەیەكی كەمدا كاتی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت

وتیشی،"ئامانجەكان بۆ ئەوە دەچن هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوادەخرێت كە ئەوەش جێگەی نیگەارنییە، بەڵام پێویستە بەرپرسانی هەرێم لەپێناو شكۆی هەرێمدا لەڕوی نێودەوڵەتیەوە ڕێگری بكەن لەوەی ئەو دواكەوتنە كاتێكی زۆر نەخایەنێت و لەماوەیەكی كەمدا كاتی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت".

پێشتر و لە 23ی (ئاب/8) ی 2022، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتو لە راگەیەنداوێکدا بڵاویکردەوە،"بە پێویستی دەزانین كە لایەنەكانی دەسەڵات هەرچی زوترە رێكبكەون لەسەر داواكاریەكانی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات بە تایبەتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و دور لەساختەكاری و قۆرخكاری، یەكگرتو لەگەڵ ئەوەیە كە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كاری هاوبەشی پێكەوەیی بكەن لە پێناو گەڕانەوەی متمانە بۆ جەماوەری نارازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی وەها كە رێگە خۆشبكات بۆ گۆرانكاری و چاكسازی راستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا".

 

نیشانەکردن

یەکگرتووی ئیسلامی