لە هەڵەبجە بەشێک لە ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو گردبونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن

11:15 - 01/09/2022

1063جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشێک لە ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو لە پارێزگای هەڵەبجە گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانکرد دامەزراندن بەگوێرەی خاڵبەندی بێت و مافی هیچ کەسێک پێشێل نەکرێت، لقی هەڵەبجەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیش پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانی ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراو رادەگەیەنێت.

ئیبراهیم عەبدولڕەحمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی /لقی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەبێ جیاوازی  پشتگیری تەواوی خواست و داواکارییەکانی دەرچوانی بەشەپزیشکییەکان دەکەن کە تا ئێستا دانەمەزێنراون.

پێویستە لە دامەزراندندا خاڵبەندی و شایستەیی ڕەچاو بکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا لیستێک ناو ڕاگەیەندرا بۆ دامەزراندنیان لە نەخۆشخانەی بیارە  کە ژمارەیان تەنها 30 کەس بو، بەڵام پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان ژمارەی  لیستەکە زیاد کرا بۆ 130 دەرچو، بۆیە پێویستە دادپەروەری لە دامەزراندنی دەرچواندا ڕەچاوبکرێت مافی ئەو کەسانەی کە شایستەن نەخورێت، هەروەها هەرچەندە 130 کەس دامەزراوە بەڵام پێویستە لە دامەزراندندا خاڵبەندی و شایستەیی ڕەچاو بکرێت و ئەو کەسەی کە مافی خوراوە مافەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
لەو 130 کەسەی کە دامەزراون بەشێکیان بە شایستەی و بە مافی خۆیان دامەزراون
سەرۆکی سەندیکای  کارمەندی تەندروستی /لقی هەڵەبجە دەڵێت، "لەو 130 کەسەی کە دامەزراون بەشێکیان بە شایستەی و بە مافی خۆیان دامەزراون، بەڵام داوا لە لیژنەی وەزارەتی تەندروستی دەکەم کە ڕونکردنەوەیەک بدەن خاڵبەندی و شایستەی ئەو کەسانەی کە بە ناشایستەیی و لەجێگەی کەسانی شایستە دامەزراون  ئاشکرا بکرێت."
 لە ساڵی 2013ەوە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی هیچ کارمەندێکی تەندروستییان دانەمەزراندوە
وتیشی، لە ساڵی 2013ەوە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی هیچ کارمەندێکی تەندروستییان دانەمەزراندوە، لەو ساڵەشەوە هەزاران  کارمەندی تەندروستی خانەنشین بون، ئەگەر هەمو ساڵێک لەبری ئەو کارمەندانەی کە خانەنشین بون چەند دەرچوییەکی بەشە تەندروستییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دابمەزرێندرانایە ئەوا ئێستا ئەو کێشە و هەڵئاوسانانە دروست نەدەبو.

سەرۆکی سەندیکای  کارمەندی تەندروستی /لقی هەڵەبجە باسی لەوەشکرد، "سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری بەشە تەندروستییەکان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بە هێندەی ئەوانیش خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان دەردەچن بەڵام ئامانجی ئەو زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییانە تەنها پەیداکردنی پارەو بازرگانیکردنە، بۆیە پێویستە حکومەت ڕێگە چارەیەک بۆ ئەو هەمو دەرچوە دانەمەزراوەی بەشە تەندروستییەکان بدۆزێتەوە".

نیشانەکردن

هەڵەبجە