ناتۆ: ده‌بێت پێگه‌ی هێزه‌كانمان له‌ جه‌مسه‌ری باكور به‌هێزتر بكه‌ین

10:39 - 29/08/2022

1487جار خوێندراوەتەوە

جێنس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی ناتۆ

خه‌ندان-

ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی هاوپه‌یكانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیا و چین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ جه‌مسه‌ری باكور زیادیانكردوه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ناتۆ و وڵاتانی ئه‌ندام دروستكردوه‌، ده‌شڵێت، "پێویسته‌ پاڵپشتییه‌ سه‌ربازیه‌كانی ناتۆ له‌ جه‌مسه‌ری باكور زیاتر بكه‌ین".

جێنس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی ناتۆ ئه‌مڕۆ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی Welt am Sonntag،  رایگه‌یاندوه‌، پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی زیاتر توانا و پاڵپشته‌ سه‌ربازییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان له‌ جه‌مسه‌ری باكور زیاتر بكه‌ن و زیاتر كاریگه‌رییان هه‌بێت.

روسیا چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ جه‌مسه‌ری باكور زیاد كردوه‌
وتیشی، "هێزه‌كانی روسیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چالاكییه‌كانی خۆیانیان له‌و شوێنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زیاتر كردوه‌ و له‌ سنوره‌كانی جه‌مسه‌ری باكوردا ده‌ستی كردوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و پاڵپشتی سه‌ربازی زیاتر، له‌وانه‌ش گواتنه‌وه‌ی موشه‌كی هایپه‌رسۆنێك".
چینیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ جه‌مسه‌ری باكور به‌ره‌و پێش بردوه‌
ئه‌مینداری گشتی ناتۆ باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌مه‌ تاكه‌ كێشه‌ نییه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چین به‌هۆی نزیكی له‌و جه‌مسه‌ره‌وه‌ ئێستا چالاكییه‌ سه‌ربازی و ده‌ریاییه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ زیاتر و زیاتر كردوه‌، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنی نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ چین و روسیاش له‌ په‌ره‌پێدانیان به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌و جه‌مسه‌ره‌ هێنده‌ی دیكه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ناتۆ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانمان دروستكردوه‌".
ئه‌مریكا نوێنه‌ری وڵاته‌كه‌ی له‌و جه‌مسه‌ره‌ داده‌نێت
هه‌روه‌ها، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بڕیاریداوه‌ كه‌ نوێنه‌ری وڵاته‌كه‌ی له‌و جه‌مسه‌ره‌ دابێت له‌ پێناو ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و هێزی یه‌كه‌می ناتۆ په‌ره‌پێبدات.