ره‌مه‌زان قادیرۆڤ وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی هه‌واڵگری ئۆكرانیا ده‌داته‌وه‌

05:22 - 26/08/2022

8537جار خوێندراوەتەوە

ره‌مه‌زان قادیرۆڤ، سه‌رۆك و رابه‌ری چیچان

خه‌ندان-

سه‌رۆك و رابه‌ری چیچان ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، به‌شانازییه‌وه‌ له‌ هه‌رشوێن و كاتێكبێت ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا دابنیشێت تا بیسه‌ڵمێنێت كه‌ كێ تاوانباره‌ و كێش تیرۆریسته‌، ده‌شڵێت، "روبه‌ڕوی لێدوانه‌كانتان ده‌بمه‌وه‌ و بۆتانی ده‌سه‌لمێنم كێیه‌ ئه‌وه‌ی تاوانی جه‌نگی ئه‌نجامداوه‌".

شوێنێك دیاریبكه‌ن تا بێم و روبه‌ڕوی ئه‌و لێدوانانه‌تان ببمه‌وه‌
ره‌مه‌زان قادیرۆڤ، سه‌رۆك و رابه‌ری چیچان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تێڵگرام نوسیویه‌تی، "شوێنێك دیاریبكه‌ن تا بێم و روبه‌ڕوی ئه‌و لێدوانانه‌تان ببمه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ من تاوانی جه‌نگم له‌ وڵاته‌كه‌تان ئه‌نجامدابێت".
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ بزانین كێ تاوانباره‌ و كێش تیرۆریسته‌
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "زۆر به‌ شانازییه‌وه‌ دێمه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌تانه‌وێت باس له‌و تاوانانه‌ بكه‌ن كه‌ من و به‌رپرسانی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌مان له‌ ئۆكرانیا ئه‌نجامیانداوه‌، تا بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ بزانین كێ تاوانباره‌ و كێش تیرۆریسته‌".
به‌رده‌وامده‌بین و به‌شێكیش ده‌بین له‌ ئۆپراسینه‌كانی ئازادكردنی ئۆكرانیا
سه‌رۆك و رابه‌ری چیچان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌رده‌وامده‌بین و به‌شێكیش ده‌بین له‌ ئۆپراسینه‌كانی ئازادكردنی ئۆكرانیا له‌ژێر ده‌ستی نازییه‌كانی ئۆكرانیا، زۆر پێشتر ده‌مانتوانی ده‌ست به‌سه‌ر كیێڤ و كه‌سانی هاوشێوه‌ی زلێنسكی-دا بگرین، به‌ڵام رێزمان له‌ ئۆكرانییه‌كان گرت".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، پێشتر هه‌واڵگری ئۆكرانیا رایگه‌یاندبو، توانیویان ده‌ستیان بگات به‌ زۆر به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ره‌مه‌زان قادیرۆڤ له‌ ئۆكرانیا تاوانی جه‌نگی دژ به‌ هاوڵاتیان ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ چه‌ندین تاوانی جه‌نگدا.