بایدن و زلێنسكی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامدا

10:39 - 25/08/2022

1638جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا و جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مكه‌ رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامداوه‌ و باسیان له‌ بارودۆخی ئۆكرانیا كردوه‌ و سوپاسی سه‌رۆكی ئه‌مریكاشی كردوه‌ بۆ هاوكارییه‌ سه‌ربازی، ئابوری و مرۆییه‌كانی و ده‌شڵێت، "رێگاكانی سه‌ركه‌وتن له‌م جه‌نگه‌دا به‌رامبه‌ر ده‌ستی داگیركاره‌نه‌ی روسیا تاوتوێكران".

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ توێتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ توێته‌ر نوسیویه‌تی، "له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتوێژێكی گرنگ و ئامانجدارمان ئه‌نجامدا".

سوپاسیگوزاری زۆرمان بۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و هاوكارییه‌ سه‌ربازی، مرۆیی و ئابورییه‌كانیمان هه‌یه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "سوپاسیگوزاری زۆرمان بۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و هاوكارییه‌ سه‌ربازی، مرۆیی و ئابورییه‌كانیمان هه‌یه‌ كه‌ بۆ وڵاته‌كمانی دابین كرد و هێشتاش به‌ردوامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ پێناو پاراستنی وڵاته‌كه‌مان و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی".
هه‌نگاوه‌كانی داهاتومان تاوتوێكرد
سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ توێته‌كه‌یدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌ گفتوگۆكه‌ماندا باسمان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كان نێوانمانكرد و هه‌نگاوه‌كانی داهاتومان تاوتوێكرد، هه‌وه‌ها باسمان له‌ بارودۆخی وڵاته‌كه‌مان و پێشكه‌شكردنی هاوكاری زیاتر و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌ستی داگیركاران و شه‌ڕه‌نگێزانی وڵاته‌كان باسكرد".
رێگاكانی سه‌ركه‌وتن له‌م جه‌نگه‌دا به‌رامبه‌ر ده‌ستی داگیركاره‌نه‌ی روسیا تاوتوێكران
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگاكانی سه‌ركه‌وتن له‌م جه‌نگه‌دا به‌رامبه‌ر ده‌ستی داگیركاره‌نه‌ی روسیا و بارودۆخی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی كارۆناوه‌كی زاپۆریژامان تاوتوێكرد و گرنگی و پێویستی روبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی روسیا به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانی جه‌نگمان خسته‌ڕو".