زلێنسكی هۆشداری توند ده‌داته‌ روسیا

10:12 - 22/08/2022

5883جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ له‌سه‌ر پرسی رێكخستنی دادگایه‌ك دژ به‌ سه‌ربازه‌ بە دیلگیراوه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ لایه‌ن روسیاوه‌ نه‌رم ناكه‌ن، ده‌شڵێت، "دادگاییكردنی سه‌ربازانمان، كۆتایی به‌ ته‌واوی رێڕه‌وه‌كانی رێكکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ روسیا ده‌هێنێت".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky New، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاندوه‌، ئه‌گه‌ر بێت و روسیا پیلان بۆ دادگاییكردنی سەربازانی ماریۆپۆڵ دبڕێژێت، هیچ رێكه‌وتنێك نامێنێت كه‌ گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ بكه‌ن.

وه‌ڵامی توند و یه‌كلایكه‌ره‌وه‌مان ده‌بێت
وتیشی، "ئه‌گه‌ر روسیا بیر له‌ سه‌پاندنی سزا و زیندانی هه‌تاهه‌تایی و رێكخستنی دادگایه‌كی نا شه‌رعی دژ به‌ سه‌ربازانی ماریۆپۆڵ-ی وڵاته‌كه‌مان بكاته‌وه‌ ئه‌وا ته‌واوی رێڕه‌وه‌كان بۆ رێكه‌وتن داده‌خه‌ین و وه‌ڵامی توند و یه‌كلایكه‌ره‌وه‌مان ده‌بێت".
قسه‌ی خۆمانمان كردوه‌
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "وڵاته‌كه‌مان له‌سه‌ر چاره‌نوسی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌مان كۆتا لێدوانی خۆیداوه‌ته‌ سوپا و به‌رپرسانی روسیا و چیدیكه‌ هیچمان نییه‌ له‌و باره‌وه‌ بیڵێین و قسه‌ی خۆمانمان كردوه‌".
ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ڕێككه‌وتنه‌كان بهێندرێت، هیچ هیوایه‌ك بۆ كۆتایی ئه‌م جه‌نگه‌ نابێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌گه‌ر رێڕه‌وی رێككه‌وتنه‌كان له‌مه‌ زیاتر به‌رته‌سكبكرێنه‌وه‌ ئه‌وا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ دوباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كان ناكه‌ین و هیوایه‌كی كه‌میش بۆ كۆتاییهێنان به‌م جه‌نگه‌ بونی ده‌بێت و رۆڵه‌كانی وڵاته‌كه‌شمان تا كۆتا دڵۆپی خوێنیان روبه‌ڕوی ده‌ستی داگیركاران ده‌بێته‌وه‌".