هەواڵی ئەمڕۆ

ئەردۆگان داوا لە پوتن دەکات لە تورکیا لەگەڵ زلێنسکی کۆببنەوە

02:52 - 06/08/2022

1188جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا داوا لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا دەکات لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زلێنسکی هاوکا ئۆکرانییەکەی لە تورکیا کۆببنەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆ لەرێگەی دانوستانەوە کۆتایی بە کێشەکانی نێوانیان بهێنن.

قەیرانی ئۆکرانیا لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە لەدوای گەڕانەوەی لە لوتکەی سۆچی، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،" لەگەڵ بونی ئەو لەمپەڕانەی لەسەر ئەرزی واقعدا هەن، پێموایە، قەیرانی ئۆکرانیا لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێت".

دەکرێت لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زلێنسکی کۆببنەوە
باسی لەوەشکرد،" جارێکی دیکەش بە بیر ڤلادیمیر پوتنم هێنایەوە، دەکرێت لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زلێنسکی کۆببنەوە".

لەگەڵ دراوسێکانمان بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی دیالۆگمان لەسەر دەریای رەش

ئاماژەی بەوەشکرد،"لەگەڵ دراوسێکانمان بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی دیالۆگمان لەسەر دەریای رەش لەپێناو گەیشتن بە ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی، هیوادارین کۆبونەوەکانمان لە سوچی بەسود بێت بۆ ناوچەکەمان و بە تایبەت بۆ تورکیا  و روسیا".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا دوێنێ هەینی بە رۆژنامەنوسانی وت،"لەگفتوگۆکانمان لە سۆچی، گەیشتین بە رێکەوتن، تورکیا پارەی غازی روسیا بە رۆبڵ دەدات، جگە لەوەش پوتن و ئەردۆگان لە کۆبونەوەکانیاندا کەیسی هاوکاری لە کەرتی بانکی و داراییان تاوتوێکردوە".

کۆمپانیا بازرگانییەکان مامەڵەی چالاکییە بازرگانییەکانیان بە روبڵ بکەن

ئاشکراشیکرد،"کۆمپانیا بازرگانییەکان و هاوڵاتیانمان دەتوانن لە میانەی چالاکییە بازرگانیی و گەشتیارییەکانیان بە دراوی نیشتیمانی بدەن".

دوێنێ هەینی، سه‌رۆكی روسیا و سه‌رۆك كۆماری توركیا لەشاری سۆچی كۆبونه‌وه‌ و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، هەردولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگییه‌كان كردوه‌ته‌وه‌ له‌ دژی "رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان" له‌ سوریا.