هەواڵی ئەمڕۆ

شێیەکی زۆر گەیشتۆتە هەوای عێراق و بارانیش نابارێت..کەشناسێک هۆکارەکەی ئاشکرادەکات

01:59 - 06/08/2022

6414جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی هەمان بڕی شێ گەیشتوەتە هەوای عێراق کە لەماوی رابردودا وڵاتانی  دەوروبەری گرتبوەوە، بەڵام نابارێت هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەی چەندین رۆژە بەرزەپەستانێکی بەھێز و جێگیر لە رۆژئاوای عێراقەوە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر چینە بەرزەکانی ھەوای ناوچەکەدا جێگیر بوە.

 باران نابارێت و تەنانەت ھەورێکی ئەوتۆش لە ئاسماندا نابینرێت

ئاراز جەبار، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردوەتەوە،"نزیک ھەمان بڕی شێ و تەڕییەی  کە لەماوەی ڕابردو لە دەریای عەرەب و ھیندستانەوە وڵاتانی دەوروبەرمانی گرتەوە، بوە ھۆی بارانبارینی زۆر و دروستبونی لافاو و زیانی ماددی و گیانی زۆریشی لێکەوتەوە،  ئێستا ئەو شێ زۆرە گەیشتوە بە تەواوی ناوچەکانی باکوری سعودیە و عێراق و سوریاش بەڵام، باران نابارێت و تەنانەت ھەورێکی ئەوتۆش لە ئاسماندا نابینرێت".

بەرزە پەستانێکی بەھێز و جێگیر لە رۆژئاوای عێراقەوە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر چینە بەرزەکانی ھەوای ناوچەکەدا جێگیر بوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،"ماوەی چەندین رۆژە بەرزە پەستانێکی بەھێز و جێگیر لە رۆژئاوای عێراقەوە بەشێوەیەکی فراوان بەسەر چینە بەرزەکانی ھەوای ناوچەکەدا جێگیر بوە کە ئەمەش رێگرە لەوەی جوڵەی ھەوا سەربکەوێت بۆ ئاستە بەرز و ساردەکانی ھەواو چربونەوەی ھەور و بارانبارین".

ئەم شێ زۆرە لەھەوای نزمدا قەتیس بوە

ئاشکراشیکردوە،"ئەم شێ زۆرە لەھەوای نزمدا قەتیس بوە، ئەمەش بوەتە ھۆی قەتیسبونی گەرمی تیشکی خۆر و پەنگ خواردنەوە و بەرزبونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا".

 ئەم حاڵەتە دەبێتە ھۆی بارانبارینێکی زۆر و بەخوڕ لەگەڵ ڕودانی ھەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەکاندا

بە وتەی ئەو کەشناسە،"بەم شێوەیە دۆخەکە دەبێتە ھۆی گەرمبونی زیاتر لە کاتێکدا بەم شێوەیە نەبێت ئەم حاڵەتە دەبێتە ھۆی بارانبارینێکی زۆر و بەخوڕ لەگەڵ ڕودانی ھەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەکاندا".