هەواڵی ئەمڕۆ

عه‌لی قه‌ره‌داغی لەبارەی گۆڕینی رەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە فه‌توایه‌ك دەدات

10:33 - 06/08/2022

16242جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان له‌باره‌ی گۆڕینی ره‌گه‌ز له‌ فه‌توایه‌كدا رایگه‌یاند، مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەرئەنجامی كەموكوڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات، ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە.

پڕۆفیسۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی، ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ فه‌توایه‌كدا دەربارەی گۆڕینی رەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە، رایگه‌یاند، "ئەوەی من لەم بوارەدا دەربارەی پێكهاتەی نێرەموك، لە رێگای لێكۆڵینەوە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی شكۆمەندەوە پێیگەیشتوم، ئەوەیە کە هەر مرۆڤێك -بەڵكو هەر شتێكیتریش- تەنها لەسەر ژیانی جوت بەرپا دەبێت، ئەویش نێر و مێیە، یان سارد (سالب) و گەرم (موجب) دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنْبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنْفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ) يس36 واتە: (پاكی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی كە هەمو دروستكراوانی بە جوت بەدیهێناوە، لەوانەی كە زەوی بەرهەمیان دەهێنێت، لە خۆیشتان و لەو شتانەش كە نایزانن)".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "فیقهناسە پێشینەكانمان بە تێروتەسەلی قسەیان لەسەر ئەم باسە كردوە، منیش لە لێكۆڵینەكانەوە -بە تایبەتی لێكۆڵەرانیان- گەیشتمە ئەوە، كە هەر ئەوە دەڵێن و جەخت لەوە دەكەن كە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی سنورداركردنی رەگەزی مرۆییەوە لە نێرینەو مێینەدا هاتوە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالأُنْثَى، مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى) النجم 45-46واتە: (هەر ئەویش دو جۆر رەگەزی نێر و مێی لە هەمو گیانداراندا بەڵكو لە بێگیانەكانیشدا بەدیهێناوە، لە هەمو شت جوت و دو شێوازی جیاوازی تەواوكاری یەكتری بەدیهێناوە، بە تایبەت ئادەمیزادی بەدیهێناوە لە نوتفەیەك، دڵۆپێكی زۆر زۆر بچوك ئەویش ئەو كاتەی كە بواری پیتاندنی بۆ بڕەخسێت و لە منداڵداندا خۆی هەڵبواسێت)".

مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان دەڵێت، "مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەرئەنجامی كەموكوڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات، جا بەرمەبنای ئەمە دەڵێین، ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامە كە كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دودڵی دا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەموكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی رەگەزی تیایدا. كە كامیان زاڵترە".

ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە، بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بو، هەمو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نیە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ رەگەزێكی تر".

گۆڕینی بە ئەنقەستی حەز و هاوشێوەی
عه‌لی قه‌ره‌داغی رونشیکردوەتەوە، "كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتوە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕی بۆ رەگەزێكی تر ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، دژە لەگەڵ سروشتی ساغ و سەلیمدا، لەگەڵ بنەما گشتییەكان و مەبەستە هەموەكییەكانی شەریعەتدا، خوای گەورە دەفەرموێ‌: ((َلَأُضِلَّنَّهُمْ وَلَأُمَنِّيَنَّهُمْ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُبَتِّكُنَّ آذانَ الْأَنْعامِ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ وَمَنْ يَتَّخِذِ الشَّيْطانَ وَلِيًّا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَقَدْ خَسِرَ خُسْرانًا مُبِينًا ، يَعِدُهُمْ وَيُمَنِّيهِمْ وَما يَعِدُهُمُ الشَّيْطانُ إِلاَّ غُرُورًا) النساء 119-120.. واتە: (-شەیتان- هەروەها سوێندی خواردوە كە ئەو خەڵكە، گومڕاو سەرلێشێواو بكات، بە ئاوات و خەیاڵاتی پوچەوە سەرگەرمیان بكات، فەرمانیان پێبدات كە گوێی ئاژەڵەكانیان ببڕن، هەروەها فەرمانیداوە و بە چاوی خۆیشمان دەبینین كە شوێنكەوتوانی دەستكاری دروستكراوانی خوا دەكەن بە شێوەیەك كە دەیشێوێنن، جا ئەوەی شەیتان بكاتە یارو یاوەر و مامۆستای خۆی ئەوە بێگومان زەرەرو زیانێكی ئاشكرای لەخۆی داوە، شەیتان بەردەوام بە وەسوەسە و خەتەرە و خەیاڵ بەڵێن بە شوێنكەوتوانی دەدات و بە ئاواتی پڕوپوچ و بێنرخ سەرگەرمیان دەكات، هەمویشی فریودان و خەڵەتاندن و لادانە لە رێگە و رێبازی راست و دروست). ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان وتیشی، "بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەند بێت و بیكات".