خەندان وردەکاری دابەزینی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان بڵاودەکاتەوە

10:31 - 06/08/2022

4986جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، نرخی ئارد و بەشێک لەبەرهەمە خۆراکییەکان لە بازاڕەکان دابەزیون و بەهۆی هەڵگرتنی باجیشەوە نرخی ژمارەیەک لە کەلوپەلی ناوماڵ و جوانکارییەکان دادەبەزن.

نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕەکاندا دو بۆ سێ هەزار دینار دابەزیوە

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە خەندان-ی راگەیاند،"نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە بازاڕەکاندا دو بۆ سێ هەزار دینار دابەزیوە، ئەمەش خۆی چەند هۆکارێکی هەیە یەکەمیان پەیوەندی بە ڕێکەوتنەکەی ئۆکرانیا و روسیاوە هەیە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی گەنم نرخی گەنمی دابەزاندوە، ئەمەش ئۆتۆماتیکی نرخی ئارد دادەبەزێنێت، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

نرخی چەند جۆرە زەیت و برنجیش تاڕادەیەک دابەزیوە

ئاماژەی بەوەشکرد،"نرخی چەند جۆرە زەیت و برنجیش تاڕادەیەک دابەزیوە، کە  بەڕاستی لابردنی باج لەسەر ئەو بەرهەمانە و هاوکات ئەوەی ئەمساڵ مانگانە بەشێوەیەکی باشتر لە ساڵانی رابردو بەرهەمە خۆراکییەکان لەرێگەی بریکارەکانەوە دابەشکراوە، کاریگەری خۆی هەبوە، بەشێک لە خێزانەکان  بۆ نمونە ئەو بەشە فاسۆلییایە یان نیسک و برنجەی وەریدەگرن، تا جارێکی دیکەی دابەشکردنەوەی پێویستیان نییە لە بازاڕەکاندا بیکڕن، لەلایەکی دیکەشەوە کوالێتی بەرهەمە خۆراکیەکان بەبەراورد بە رابردو زۆر باشتر بوە بۆیە ئێستا زۆرینەی هاوڵاتیان ئەو بەرهەمانەی وەریدەگرن خۆیان بەکاریدەهێنن".

حکومەتی هەرێم، باجی لەسەر 167 بەرهەمی جوانکاری و پێداویستی ناوماڵ و مۆبیلیات هەڵگرتوە

ئاشکراشیکرد،"حکومەتی هەرێم، باجی لەسەر 167 بەرهەمی جوانکاری و پێداویستی ناوماڵ و مۆبیلیات هەڵگرتوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی ئەوانەش دابەزن، لە بەردەوام لەلایەن لیژنەکانمانەوە چاودێری نرخەکانیان دەکرێت".

ئەمەلەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەمساڵدا، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ئۆکرانیا، نرخی ئارد و بەشێکی زۆر لە بەرهەمە خۆراکییەکان لەبازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستانیش بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بەرزبونەوەی زیاتریشی حکومەتی هەرێم باجی لەسەر ژمارەیەکی زۆر لەبەرهەمە خۆراکیەکان هەڵگرت، حکومەتی عێراقیش بۆ هەمان مەبەست بڕیاریدا جگە لە بەشەخۆراکی مانگانە، لەرێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە تا کۆتایی ئەمساڵ چەند سەبەتەیەکی خۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکات.