هەواڵی ئەمڕۆ

عیزەت شابەندەر: کورد درکی بە مەترسی گۆڕینی دەستور و سیستمی حوکمڕانی کردوە

04:26 - 05/08/2022

5968جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقی رایگه‌یاند، ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ناگاتە پێکدادان و خوێن ڕشتن، ده‌شڵێت، کورد ترسی لەو ئاڕاستەیە هەیە کە دروستبوە و بانگەشەی گۆڕینی دەستور و سیستمی حوکمڕانی عێراق دەکات.

عیزەت شابەندەر له‌ گفتوگۆیەكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئەنجامی ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان دەڵێت، "ناکۆکی نێوانیان ناگاتە ئاستی پێکدادان و ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان، هەوڵی زۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی عێراقی تێکەوتوە".

ناکۆکی تەنها لەنێو شیعەدا نیە، بەڵکو لەنێو کورد و سونەشدا هەیە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ناکۆکی تەنها لەنێو شیعەدا نیە، بەڵکو لەنێو کورد و سونەشدا هەیە، بەڵام ناکۆکی نێوان دو بەرە شیعییەکە توندترە".
هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە پابەندبونەکان، پێموانیە ناکۆکی لەنێوان دو بەرە شیعییەکە لەسەر ئەمە هەبێت
سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە عێراق، عیزەت شابەندەر وتی، "هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لە پابەندبونەکان، پێموانیە ناکۆکی لەنێوان دو بەرە شیعییەکە لەسەر ئەمە هەبێت، بەڵام تێڕوانینەکان لەسەر حکومەت جیاوازن".
 لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەیە
ئەو سیاسەتمەدارە دیارەی عێراق پێیوایە، سەرباری بونی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕەوتی سەدر لە ڕابردودا، بەڵام لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەیە، وتی، "نێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر باشە".
 کورد ترسی لە گۆڕینی دەستور و سیستمی سیاسی و حوکمڕانی عێراق هەیە
عیزەت شابەندەر ڕونیکردەوە، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دواخستوە، وتی، "مەسەلەی سەرۆک کۆمار قورس نییە، کورد ترسی لە گۆڕینی دەستور و سیستمی سیاسی و حوکمڕانی عێراق هەیە، کورد درکی بەم مەترسییە کردوە، ئەگینا هەواڵەکان لەسەر نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر مەسەلەی سەرۆک کۆمار باشن، لێکنزیکبونەوە هەیە لەنێوان دو حزبەدا".