هەواڵی ئەمڕۆ

قوباد تاڵەبانی: پێویستە کورد لە بەغدا یەکڕیز و یەک گوتار بێت

05:27 - 03/08/2022

1372جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لایەنە عێراقییەکان لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن، هەروەها دەبێت لایەنە کوردییەکانیش بە یەکڕیزی و یەک گوتاری لە بەغدا هەوڵی پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بدەن.

ستایشی رۆڵی ئەڵمانیای کرد لە پرۆسەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە

 نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ کلێمێنس سێمتنەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی رۆڵی ئەو وڵاتەکەی کرد لە پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی ریفۆرم و بە تایبەتیش ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

 هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا پێشکەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت

ئاماژە بەوەشکراوە، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران رۆڵی کلێمێنس سێمتنەری لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەوتنی زیاتریش بە خۆیەوە ببینێت.

ئەڵمانیا بە درێژایی چەند ساڵی رابردو هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بوە

قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەڵمانیای کردوە کە بە درێژایی چەند ساڵی رابردو هاوکار و پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بوە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش رۆڵی ئەو وڵاتەی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاندوە.

لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن

سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق جێگری سەرۆکی حکومەت و کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆیان لە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان لە بەغدا دەربڕی و هاوڕابون کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق دۆخەکە هێور بکەنەوە و لەڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بدەن.

پێویستە لایەنە کوردستانییەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیش نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەکردوە، هەردولا هاوڕابون لەم قۆناغەدا کە عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت پێویستە لایەنە کوردستانییەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن و بە یەکڕیزی و یەک گوتاری لە بەغدا هەوڵی پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بدەن.