هەواڵی ئەمڕۆ

سۆمۆ: هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن کەمیکردوە

10:48 - 02/08/2022

1051جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە مانگی رابردودا بۆ دو هەزار و 500 بەرمیلی رۆژانە  کەمیکردوە و  بە نرخی حەوت دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی پێی فرۆشراوە.

کۆی گشتی داهاتی نەوتی فرۆشراو بەو وڵاتە حەوت ملیار و 293 هەزار و 17 دۆلار بوە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردوەتەوە،"کۆی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە مانگی (تەمموز/7)، 75 هەزار و 419 بەرمیلی رۆژانە بوە، واتە بڕی دو هەزار و 432 بەرمیل نەوتی رۆژانە بوە، نرخی تێکڕای هەر بەرمیلێکیش 96.70 دۆلار بوە، بەمەش کۆی گشتی داهاتی نەوتی فرۆشراو بەو وڵاتە حەوت ملیار و 293هەزار و 17 دۆلار بوە".

 عێراق نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە کەمتر لە حەوت دۆلار لە نرخی جیهانی بەو وڵاتە فرۆشتوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،"عێراق نرخی یەک بەرمیل نەوتی بە کەمتر لە حەوت دۆلار لە نرخی جیهانی بەو وڵاتە فرۆشتوە کە 103.60 دۆلاری تێکڕا بوە، ئەو بڕەشی بەو وڵاتەی فرۆشتوە لەو ماوەیەدا 10 هەزار بەرمیلی کەمتر بوە لەو رێژەیەی لەسەری رێکەوتون".

 لە مانگی (شوبات/2) ی ئەمساڵیش گرێبەستەکە کۆتایی هاتو و نوێنەکرایەوە

لەمانگی(ئەیلول/9) ی 2021 ەوە، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ئوردن گرێبەستی کڕینی 10 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نەوتی خاوی کێڵگەکانی کەرکوکی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد، لە مانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵیش گرێبەستەکە کۆتایی هاتو و نوێنەکرایەوە.

بڕی نەوتی فرۆشراو لەمانگی (تەمموز/7)دا 102 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل بوە

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دوشەممە، وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بڕی نەوتی فرۆشراو لەمانگی (تەمموز/7)دا 102 ملیۆن و 385 هەزار و 49 بەرمیل بوە و داهاتەکەشی گەیشتوەتە 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار.