هەواڵی ئەمڕۆ

مەحمود عوسمان له‌باره‌ی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی له‌ عێراق هۆشداری ده‌دات

11:52 - 01/08/2022

10009جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەحمود عوسمان، کەسایەتی و چاودێری دیاری سیاسی هەرێم و عێراق له‌باره‌ی   گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی له‌ عێراق هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، كورد نابێت پشتیوانی ئه‌و شتانه‌ بكات و ده‌بێت داوا بكات ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت نه‌ك گۆڕینی ده‌ستور و سیستمی حوكم بكرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی، چونكه‌ زیانی لێده‌كات، ده‌شڵێت، "ئه‌گه‌ر ده‌ستور بگۆڕدرێت تێكی ده‌ده‌ن و هه‌مو مافه‌كانی كورد لاده‌برێت".

مەحمود عوسمان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌باره‌ی دۆخی عێراق و داوای موقته‌دا سه‌در بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی له‌ عێراق، به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دۆخه‌ پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی عێراقه‌ كه‌ هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانی زۆرینه‌ پێكبهێنێت، به‌تایبه‌تی موقته‌دا سه‌در كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، ئێستاش دۆخی عێراق به‌ره‌وی خراپی ده‌ڕوات شیعه‌كان ناكۆكی قوڵیان هه‌یه‌ و چه‌ند ساڵه‌ حوكم ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون، ئێستا خه‌ریكه‌ پێكدادان روده‌دات له‌ نێوانیاندا".

سه‌در ئێستا هیچ حسابێك بۆ په‌رله‌مانی عێراق و حكومه‌ت ناكات و دۆخێكی ناڕێك له‌ عێراقدا هه‌یه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، موقته‌دا سه‌در ئێستا هیچ حسابێك بۆ په‌رله‌مانی عێراق و حكومه‌ت ناكات و دۆخێكی ناڕێك له‌ عێراقدا هه‌یه‌، "هیوادارم له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدا هه‌موان پێكه‌وه‌ دابنیشن و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و گفتوگۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ بكه‌ن ئه‌وا ده‌توانن كاری بۆ بكه‌ن".
به‌بڕوای سه‌در، حوكمی ره‌شید ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت و ده‌یه‌وێت فه‌رزی بكات
مەحمود عوسمان باسی له‌وه‌شكرد، "به‌بڕوای سه‌در، حوكمی ره‌شید ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت و ده‌یه‌وێت فه‌رزی بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌ی خۆی، خه‌ڵكی زۆریش هه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی ده‌كات و ناڕازیین له‌وانی دیكه‌، دوژمنی ئه‌ساسی سه‌در، مالیكییه‌ و ئه‌وه‌ش مێژوییه‌كی هه‌یه‌".
سه‌در زۆر دژی مالیكییه‌ و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵیدا كۆنه‌بێته‌وه‌
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چوارچێوه‌ی هه‌مانگی و ره‌وتی سه‌در بتوانن پێكه‌وه‌ دابنیشن، مەحمود عوسمان وتی، "تا ئێستا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ڵێت ئاماده‌ن بۆ كۆبونه‌وه‌، به‌ڵام سه‌در زۆر دژی مالیكییه‌ و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵیدا كۆنه‌بێته‌وه‌".
ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌در ده‌یه‌وێت مالیكیش داوای ده‌كات، پێشتریش مالیكی داوایكرد كه‌ سیستمی حوكم بكرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی
په‌یوه‌ست به‌ داواكه‌ی سه‌در بۆ گۆڕینی ده‌ستور و سیستمی حكومڕانی له‌ عێراق، ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ وتی، "ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌در ده‌یه‌وێت مالیكیش داوای ده‌كات، پێشتریش مالیكی داوایكرد كه‌ سیستمی حوكم بكرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی، شیعه‌كان به‌ گشتی ئه‌م رائیه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ رای من كورد نابێت پشتیوانی ئه‌م شتانه‌ بكات و ده‌بێت داوا بكات ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك ده‌ستور بكۆڕدرێت و سیستمی حوكم بكرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی، چونكه‌ زیانی لێده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌ستور بگۆڕدرێت تێكی ده‌ده‌ن و هه‌مو مافه‌كانی كورد لاده‌برێت". 
سه‌در پیاوێكه‌ بیركردنه‌وه‌كانی سه‌یره‌ و شه‌وان خه‌ون ده‌بینێت و رۆژی دواتر تویت ده‌كات
مەحمود عوسمان ده‌شڵێت، "موقته‌دا سه‌در پیاوێكه‌ بیركردنه‌وه‌كانی سه‌یره‌ و شه‌وان خه‌ون ده‌بینێت و رۆژی دواتر تویت ده‌كات، هه‌ڵسوكه‌ته‌كانی چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێستا وایلێهاتوه‌ له‌ خراپه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ لای خه‌ڵك به‌ باش حسابی بۆ ده‌كرێت، له‌م دۆخه‌كه‌دا پێویسته‌ كورد یه‌كگرتو بن و هه‌موان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی كورد بپارێزن و داوای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری عێراق بكه‌ن".