خەندان-
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران دەڵێت، گرتن و ئازادکردنی ناوچەی سەوز دەرفەتێکی زێڕینە بۆ رەواندنەوەی ستەمکاری، نەهێشتنی گەندەڵی، تاکڕەوی لە دەسەڵات و لایەنگیری بۆ وڵاتانی دەرەوە، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەکان، حەشدی شەعبی و هۆزەکان دەکات پشتیوانی "شۆڕشگێڕانی چاکسازی بکەن".
ملکەچبون رەتبکەنەوە کە داواتان لێدەکرێت دژی چاکسازیخوازن بن
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، داوا لە هەمو "شۆڕشگێڕانی چاکسازی" لەناو رۆڵەی هۆزەکان، هێزە ئەمنییەکان، ئەندامانی حەشدی شەعبی دەکات ملکەچبونی هەمو چین توێژەکان رەتبکەنەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دروشمەی کە خۆپیشاندەران هەڵیانگرتوە کە چاکسازییە لەم وڵاتەدا، بۆیە بانگەواز بۆ هەموان دەکات لەژێر ئاڵای عێراق و بڕیاری گەلدا یەکبگرن.
شۆڕشەکە وەکو قۆناغی یەکەم ناوچەی سەوزی ئازاد کرد
ئاماژەی بەوەشکردوە، خۆپیشاندانەکان "دەرفەتێکی زێڕینە بۆ رەواندنەوەی ستەم و تاریکی، گەندەڵی، تاکڕەوی لە دەسەڵات، لایەنگیری بۆ وڵاتانی دەرەوە، پشک پشکێنە و قوڵکردنەوەی مەزهەبی، بۆیە بۆ ئەوەی کارەساتەکان دوبارە نەبنەوە، ئێستا دەرفەتێکی گرنگە و شۆڕشە خۆڕسکە ئاشتیخوازەکەش وەکو قۆناغی یەکەم ناوچەی سەوزی ئازاد کرد".
کاربکەن تا یان عێراقێکی سەربەرز لە نێو گەلان بونیاد بنرێت
رێبەری رەوتی سەدر باوەڕی وایە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردو دەرفتێکی گرنگن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی سیاسی، دەستور و هەڵبژاردنەکان کە ئەگەر ساختەکاری تێدا بکرێت لەلایەن "دەوڵەتی قوڵەوە" وەک باشترین هەڵبژاردن ناودەبرێت کە ئازاد و دادپەروەرانە بوە، بۆیە داوا لە گەلانی عێراق دەکات کە خواستی چاکسازی، دیموکراسی، هاوڵاتیبون، یاسا و سەروەری دەوڵەتیان هەیە، ئەم قۆناغەی بەرپرسیاریەتی هەموانە بۆ ئەوەی کاربکەن تا یان عێراقێکی سەربەرز لە نێو گەلان هەبێت یان عێراقێک هەبێت کە گەندەڵکاران بەڕێوەی ببەن و رۆژهەڵات و رۆژئاواییەکان ئاڕاستەی بکەن کە ئەوەش کۆتایی عێراقە.