قوباد تاڵەبانی و جەلال شێخ ناجی: رێگا نادرێت ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوە بێت

06:19 - 31/07/2022

4375جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ھەرێم کۆبونەوە و رایانگەیاند، جەخت دەکەنەوە لەسەر  پاراستنی ئارامی و ژیانی خەڵک و بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش "سڵ لەکەس ناکرێتەوە، رێگاش نادرێت ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوە بێت".

گفتوگۆکرا لەبارەی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەنێوان دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکان
جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەقەلاچوالان پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا باس لەوەکراوە، گفتوگۆکرا لەبارەی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەنێوان دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکان لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و روبەڕوبونەوەی لەیاسا دەرچوان.
 رێگا نادرێت ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوە بێت
لەکۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی بۆ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ھەرێم دەربڕیوە کە دڵسۆزانەو لێبڕاوانە کاردەکەن و ئاماژەی بەوەکردوە، "جێگای پێزانین و دەست خۆشییە کە دەزگایەکی وەھا نیشتمانی بەردەوام لەکاردان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و پشتیوانی و ھەمو پشگیرییەکی بۆدوپاتکردنەوە بۆ سەرخستنی کارەکانیان، بۆیە رایدەگەیەنین کە  لەبەرامبەر ئارامی و ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا سڵ لەکەس نەکرێتەوە و رێگاش نادرێت ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوە بێت".
دەزگای زانیاری  بەبێ جیاوازی لەخزمەتی گشتی و ئارامیدا لەئەرکدایە
لای خۆیەوە جەلال شێخ ناجی ئەوەی خستوەتەڕو، "ھەمو ھەوڵ و کۆششێکیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێم و روبەڕوبونەوەی ھەر پیلان و مەرامێکە کە ژیان لە خەڵک تێکبدات، ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ھەرێم وەک دەزگایەکی پابەند بە بنەما و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان، نیشتمانییانە ئەرکەکانی سەرشانی رادەپەڕێنێت و بەبێ جیاوازی لەخزمەتی گشتی و ئارامیدا لەئەرکدان و ھەر ھەنگاوێکیش بنرێت لەپێناو خزمەتی گشتی و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دا دەبێت."