کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە دژی بڕیارێکی حکومەتی هەرێم ناڕەزایی دەردەبڕێت

01:04 - 18/07/2022

2650جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە رایگەیاند، ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری برینی موچەی هەزاران بندیوار و کەسانێک کە بە ناشایستە موچە وەردەگرن دەست ببات بۆ بڕێنی مینحەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بەڵکو پێویستە لەبری ئەوەی حکومەت مینحەی قوربانیانی بەرکەوتوی چەکی کیمیای ببڕێت، هەنگاوی کرداری بنێت بۆ ناردنە دەرەوەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و ئەو کەسانەی پێویستیان بە چاندنەوەی کۆئەندامی هەناسە هەیە.

هیچ حسابێک بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی نەکراوە
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمرۆ سێشەمە ئاماژەی بەوەشکرد، "نە لە وەزارەتی شەهیدان و نە لە وەزارەتی تەندروستی هیچ حسابێک بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی نەکراوە، بۆیە پرۆسەی چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەو شێوەیەی ئێستا ماوەتەوە هیوادارین سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەم بابەتە  هەنگاوی جددی بنێت".
داواکارین حکومەتی هەرێم بەدەم داواکاریەکانمانەوە بێت
وتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیەتە سەر خەت ئێمە وەک قوربانیانی هەڵەبجە، بالیسان و شێخ وەسان هەڵوێستی خۆمان دەنوێنین و ناچاردەبین لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپپیشاندان ئەنجام بدەین، بۆیە داواکارین حکومەتی هەرێم بەدەم داواکاریەکانمانەوە بێت و  نەمانخاتە بەردەم ئەو عەزێتەی کە بەم گەرمایە ئەو رێگەیە ببڕین". 
چاکسازی بکرێت لە پاککردنەوە لیستی  برینداران نەک دەست بردن بۆ برینی مینحەکانیان
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە دەڵێت، "ئێستا کەس خۆی بە خاوەنمان نازانێت قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و شوێنەکانی تر زۆر بێ نازن بە ‌هێندەی قوربانیدانەکانیان خزمەت نەکراون، هیواداری بەدەم داواکاریەکانمانەوە بێن و چی دیکە قوربانیان لەم دۆخەدا نەهێڵرێنەوە و چاکسازی بکرێت لە پاککردنەوە لیستی  برینداران نەک دەست بردن بۆ برینی مینحەی ئەو قوربانیانەی کە موچەی دیکەیان هەیە". 
ئەم چینە بە جەستەی خۆیان قوربانیان داوە زۆریان کەس و کاریان شەهیدی بوە
ئەوەشی خستەڕو، "داوا دەکەین حکومەت بە دەم داواکاریەکانی ئێمەوە بێت لەم نارەحەتیە نەجاتمان بدات چونکە ئەم چینە بە جەستەی خۆیان قوربانیان داوە زۆریان کەس و کاریان شەهیدی بوە، هەروەها زۆریان خاوەنی ژمارەیەک کەس و کاری شەهید و شەهیدی کیمیاین."

نیشانەکردن

هەڵەبجە