فینلاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ ناردنه‌وه‌ و راده‌ستكردنی هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌ توركیا نه‌كراوه‌

04:09 - 01/07/2022

1842جار خوێندراوەتەوە

پێككه‌ هه‌ڤیستۆو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینلاند

خه‌ندان-

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینلاند ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن توركیاوه‌ لیستێكی "دیپۆرتكردن و راده‌ستكردنه‌وه‌"یان پێنه‌گه‌یشتوه‌ و له‌سه‌ر پرسێكی له‌و شێوه‌یه‌ش رێنه‌كه‌وتون، چونكه‌ " ئه‌وه‌ی توركیا و سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ باسی لێوه‌ ده‌كات به‌ته‌واوه‌تی دژی یاساكانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ و كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ش ناتوانین ئه‌نجامبده‌ن".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی EURO News، پێككه‌ هه‌ڤیستۆو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینلاند له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لیستی دیپۆرتكردنه‌وه‌ (ناردنه‌وه‌)یان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پێنه‌گه‌یشتوه.

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ و راده‌ستكردنه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك رێكنه‌كه‌وتوین
وتیشی، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ و راده‌ستكردنه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك رێكنه‌كه‌وتوین و ئه‌وه‌ی نوسراوه‌ ته‌نها جێبه‌جێكردنی چه‌ند هه‌ماهه‌نگیه‌كبوه‌ دژ به‌ تیرۆر نه‌ك به‌ له‌قه‌ڵه‌مدانی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك وه‌ك تیرۆریست".
نه‌ ئێمه‌ و نه‌ سویدیش ئاماده‌ نییه‌ كۆمه‌ڵێك رێكاری دژ به‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بگرێته‌به‌ر
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی  فینلاند ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌وه‌ی توركیا و سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ باسی لێوه‌ ده‌كات به‌ته‌واوه‌تی دژی یاساكانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ و نه‌ ئێمه‌ و نه‌ سویدیش ئاماده‌ نییه‌ كۆمه‌ڵێك رێكاری دژ به‌ یاساكانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بگرێته‌به‌ر".
سوید و فینلاند،  (په‌كه‌كه‌)یان له‌ لیستی تیرۆری وڵاته‌كه‌یاندا تۆماركردوه‌
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "توركیا ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌ به‌لایه‌وه‌ بابه‌تی (په‌كه‌كه‌)یه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ن هەم ئێمه‌ و هه‌م سویدیش (په‌كه‌كه‌)مان له‌ لیستی تیرۆری وڵاته‌كه‌ماندا تۆماركردوه‌".

ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینلاند له‌كاتێكدایه‌، كه‌ رجه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا رایگه‌یاندبو، پێویسته‌ فینلاند و سوید په‌یمانه‌كانیان بۆ راده‌ستكردن و ناردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ "تیرۆریستن" و له‌نێو وڵاته‌كه‌یاندا داڵده‌یانداون.