هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان توركیا، فینلاند و سوید بڵاوده‌كاته‌وه‌

04:43 - 30/06/2022

8603جار خوێندراوەتەوە

توركیا، فینلاند، سوید و ناتۆ

خه‌ندان-

له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێك له‌باره‌ی به‌گژداچونه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌) و به‌ "تیرۆریست" ناساندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، توركیا پشتگیری خۆی بۆ به‌ ئه‌ندامبونی هه‌ریه‌كه‌ له‌  فینلاند و سوید له‌ رێكخراوی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) راگەیاند.

ده‌بێت فینلاند و سوید به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ چالاكییه‌كانی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ نه‌كه‌ن
به‌پێی به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌كانی خه‌ندان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركیا، فینلاند و سوید ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئه‌و سێ وڵاته‌دا راگه‌یه‌ندراوه‌، له‌ پێناو بون به‌ ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ناتۆ پێویسته‌ فینلاند و سوید به‌ ته‌واوه‌تی پشتگیری خۆیان بۆ پاراستی ئاسایشی توركیا دوپاتبكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و دو وڵاته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ چالاكییه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) و پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌) نه‌كه‌ن.
له‌سه‌ر  فینلاند و سوید پێویسته‌ به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژ به‌ پرینسیپه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) بن 
ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه‌، له‌سه‌ر  فینلاند و سوید پێویسته‌ به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژ به‌ پڕەنسیپه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) بن و وه‌ك رێكخراوێكی "تیرۆریست"ی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، رێگریش بكه‌ن له‌ ئه‌نجامدانی چالاكی له‌سه‌ر ئاستی گروپ و تاك بۆ پشتیوانی له‌و رێكخراوانه‌ و پشتگیری له‌ مانه‌وه‌ و داڵده‌دانی هیچ لایه‌نگیرێكیان نه‌كه‌ن.
پێویسته‌ فینلاند و سوید كار له‌سه‌ر به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و پارت و گروپ و رێكخراوه‌ تیرۆریستییانه‌ بكه‌ن كه‌ چالاكی سه‌ربازیان دژ به‌ توركیا هه‌یه‌
له‌ رێككه‌وتنه‌ سێ لایه‌نییه‌كه‌ی توركیا، فینلاند و سویددا هاتوه‌، "له‌سه‌ر  فینلاند و سوید پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كار له‌سه‌ر به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و پارت و گروپ و رێكخراوه‌ تیرۆریستییانه‌ بكه‌ن كه‌ چالاكی سه‌ربازیان دژ به‌ سه‌روه‌ری خاكی توركیا هه‌یه‌، ده‌شبێت پشتگیری له‌ روبەڕوبونەوەی ئه‌و گروپ و كه‌سانه‌ش بكه‌ن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر توركیا".
ده‌بێت هه‌ریه‌كه‌ له‌  فینلاند و سوید كار له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ داواكراون 

باس له‌وه‌شكراوه‌، له‌سه‌ر هه‌ر زانیارییه‌كی پێویست و به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای رێكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌و زانیاری و داتا هه‌واڵگرییانه‌ی كه‌ توركیا ده‌سته‌به‌ری ده‌كات، ده‌بێت هه‌ریه‌كه‌ له‌  فینلاند و سوید كار له‌سه‌ر دیپۆرتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ داواكراون یاخود له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن ئه‌و دو وڵاته‌ داڵده‌ دراون، هه‌روه‌ها رێكرای یاسایش بگیرێته‌به‌ر له‌ پێناو پارێزگاری كردن له‌ رێككه‌وتنی نێوانیان.  

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، سەرۆکایەتی کۆماری فینلاند رایگەیاند، لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکی وڵاتەکەیان، سەرۆک وەزیرانی سوید، سەرۆک کۆماری تورکیا و سکرتێری گشتی ناتۆ رێککەوتنێکیان واژۆکردوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکەش تورکیا پشتیوانی لە ئەندامیەتی فینلاند و سوید لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری کوردی سوید لەدوای راگەیاندنی بەئەندامبونی سوید و فینلاد لە رێکخراوی ناتۆ رایگەیاندبو، جێگەی نیگەرانییە سوید تەسلیمی داخوازییەکانی تورکیا بوه‌ و دەشڵێت، "تورکیا دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و رێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت و لە رێگەی دەستدرێژیە سەربازیە نایاساییه‌کان و داگیرکردنی سوریاوە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە".