سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا دوایین زانیاری له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و كاندیدانی سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرا ده‌كات

01:27 - 29/06/2022

4918جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کازم حەیدەر، سەرکردە لە هاوپه‌یمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، تا ئێستا هیچ ناوێک بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی نەکراوەتەوە، به‌ڵام رێکەوتنێک هەیە لەبارەی گرنگی بونی رێكکەوتن لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی سەرۆکایەتی وەزیران، ده‌شڵێت، "چوارچێوە کاردەکات بۆ رێکكەوتن لەناو ماڵی کوردیدا و رێکكەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئه‌گەر رێکنەکەوتن ئه‌وا هه‌رلایه‌نێك به‌ كاندیدی خۆیه‌وه‌ بچێته‌ كۆبونه‌وه‌ی پەرلەمان".

کەیسی گفتوگۆی ناوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، قسەیەکی ناڕونە
کازم حەیدەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەماڵپه‌ڕی سۆمەرییە نیوز-ی راگەیاندوە، "کەیسی گفتوگۆی ناوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، قسەیەکی ناڕونە، هەتا ئەم کاتە هیچ ناوێک پێشنیار نەکراوە، ئەوەی گفتوگۆ و رێکەوتنی لەبارەوە کراوە بەرنامەی حکومەتە، چۆنێتی رێکخستنی ئەولەویاتەکان و دیاریکردنی ئامانجەکان و نەخشەرێگاکان و تایبەتمەندییە کەسیەکان دیاری دەکات کێ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکرێت".
 رێکكەوتنێکی گشتی لەناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گرنگی رێکەوتن لەبارەی سەرۆک وەزیران هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد،" رێکكەوتنێکی گشتی لەناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر گرنگی رێکەوتن لەبارەی سەرۆک وەزیران هەیە، بەشێوەیەک کەسی کاندید لەلایەن گەورەترین کوتلەوە پاڵپشتی بکرێت، ئەوەش بێتە پاڵنەری جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی داوای لێکراوە".
چوارچێوەی هەماهەنگی کاردەکات بۆ رێکكەوتن لەناو ماڵی کوردیدا 
کازم حەیدەر باسی لەوەشکردوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی کاردەکات بۆ رێکكەوتن لەناو ماڵی کوردیدا  و رێکكەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ماوەیەکی کاتیش بۆ ئەم رێكکەوتنە دابنرێت، به‌ڵام ئه‌گەر رێکنەکەوتن ئه‌وا هه‌ر لایه‌نێك به‌ كاندیدی خۆیه‌وه‌ بچێته‌ كۆبونه‌وه‌ی پەرلەمان، ئەوکاتەش دەنگدانەکە بۆ ئەندامانی پەرلەمان جێدەهێڵرێت، بەڵام بەگشتی ئەگەری زۆرە، بگەنە لێکتێگەیشتن".
تا ئێستا نه‌توانراوه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكبهێنرێت
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ هه‌شت مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چو، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكبهێنرێت، له‌ عێراقدا لایه‌نه‌كانی شیعه‌ ناكۆكی قوڵیان هه‌یه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان كشایه‌وه‌، له‌ناوخۆی كوردستانیشدا پارتی و یه‌كێتی تا ئێستا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق