ئاسایشی راپەڕین دەستگیرکردنی کەسێکی" مەترسیدار"ی راگەیاند

01:09 - 29/06/2022

13826جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند، لە چیای ماکۆک لەدوای هەوڵی راکردن و تەقەکردن، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت کە دەستی هەبوە لەدزیکردن لەماڵان و بڕینی چەندین شوێنی کارو کاسبی خەڵک، دەشڵێت" لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێک و چەکێک و چەندین کەلوپەلی دیکەدا گیراوە".

دوای هەوڵی تەقەکردن و هەڵاتن توانیمان دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردوەتەوە،" لەدرێژەی کاروچالاکی وبەدواداچونەکانی یاریدەدەرێتمان ئەمڕۆ  توانرا کەسێکی  لەیاسا ڕاکردو، کە تۆمەتبارە بەپێی مادەی (446) لەیاسای سزادانی عێراقی لەلایەن مەفرەزەکانی یاریدەدەرێتیمان لەچیای ماکۆك دوای هەوڵی تەقەکردن و هەڵاتن توانیمان دەستگیری بکەین".

لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،" تۆمەتبار بەناوی (س-ی-ع) کەدانیشتوی قەزای کۆیەیە و لەدایكبوی ساڵی (1994)،  پێشتریش لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە،  بەڵام خۆی ڕادەست نەکردوە کەتۆمەتبارە بەچەندین کاری دزی کردنی ماڵ ودوکان و شوێنی دیکە".

داواکراوە لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربونەوە و نەهێشتنی تاوانی ئیدارەی ڕاپەڕین

ئاشکراشیکردوە،" بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار داواکراوە لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربونەوە و نەهێشتنی تاوانی ئیدارەی ڕاپەڕین لەدوای دەستگیرکردنی  ڕادەستیان کراوە".

دەستبەسەر چەند کەلوپەلێکدا گیراوە

باسی لەوەشکردوە،" تۆمەتباری ناوبراو ئۆتۆمبێلکی لەجۆری نیسان پەترۆڵ بێ سەرەتا بەژمارە(بغداد) ، 1 (یەك) کڵاشنکۆفی لەجۆری سینی یەك مەخزەنی  پڕ فیشەك و 2 (دو) مۆبایل و چەندین کەلوپەلی دیکەی پێ بوە و دەستیان بەسەرداگیراوە".