خاوەن قەرزێک: سڵێمان هەڵشۆیی خۆی شاردوەتەوە و کەس نازانێت لە کوێیە

11:55 - 29/06/2022

2107جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ جارێکی دیکە ژمارەیەک لە خاوەن قەرزەکانی سڵێمان هەڵشۆیی لە شاری رانیە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و یەکێک لە خاوەن قەرزەکانیش رایگەیاند، " سڵێمان هەڵشۆیی بە پۆلیسی وتوە لەدوای ئازادکردنی کێشەکانی چارەسەر دەکات، بەڵام  خۆی شاردوەتەوە و کەس نازانێت لە کوێیە، تا ئێستا ئومێدێک نییە بۆ دانەوەی قەرزەکانی".

سڵێمان هەڵشۆیی ئازادنەکراوە، پاڵبداتەوە بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ خاوەن قەرزەکان ئازادکراوە

لەدوای ئازادکردنی لە چەند رۆژی رابردودا، جارێکی دیکە ژمارەیەک لە خاوەن قەرزەکانی سڵێمان هەڵشۆیی لەنزیک بازگەی بانوەقەل گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، یەکێک لە نوێنەرانی خاوەن قەرزەکانیش بەناوی (سڵێمان) رایگەیاند،" لە چەند رۆژی رابردودا سڵێمان هەڵشۆیی بە بارمتەیی یاسایی ئازادکرا، ئێمە بەم هەواڵە نیگەران بوین، قسەمان لەگەڵ پۆلیس کرد، پێیان وتین، بۆ ئەوە سڵێمان هەڵشۆیی ئازادنەکراوە، پاڵبداتەوە بەڵکو بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ خاوەن قەرزەکان ئازادکراوە".

 سڵێمان هەڵشۆیی کەسێکی بەکارهێنراوە

ئاماژەی بەوەشکرد،" سڵێمان هەڵشۆیی کەسێکی بەکارهێنراوە، ئەو کاتەی لە زیندان بو چەندین جار سەردانمان کرد و قسەمان لەگەڵ کرد، دەیوت قەرزەکانم دەدەمەوە، بەڵام ئەو 1.500( هەزار و پێنجسەد) دەفتەر دۆلار بەو نادرێتەوە، چونکە پێشتر ئەو پارانەی بڵاوکردوەتەوە".

هەمو ئەو کەسانەی کە پارەکانیان لایە دیاریکراون

ئاشکراشیکرد،" هەمو ئەو کەسانەی کە پارەکانیان لایە دیاریکراون، دەکرێت سڵێمان هەڵشۆیی خۆی پێمان بڵێن کێن و لەرێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کێشەکە چارەسەر بکەین".

دو رۆژە سڵێمان هەڵشۆیی ئازادکراوە، دەمانەوێت بیبینین، بەڵام خۆیشاردوەتەوە

هاوکات، یەکێکی دیکە لە خاوەن قەرزەکان کە لە گردبونەوەکەدا بەشداربوە باسی لەوەکرد،" دو رۆژە سڵێمان هەڵشۆیی ئازادکراوە، دەمانەوێت بیبینین، بەڵام خۆیشاردوەتەوە و کەس نازانێت لەکوێیە، ئەو خۆی پێشتر دەیوت بڕێک پارەم هەیە، بە سوڵحی عەشایەری کێشەکە چارەسەر دەکەین، بەڵام تائێستا هیچ ئومێدێکمان نییە".