ئەنجومەنی وەزیران هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان و فشاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی تاوتوێ ده‌كات

10:54 - 29/06/2022

1232جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و پرسی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان و فشاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی تاوتوێ ده‌كات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانگه‌ میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی حوزەیرانی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات و له‌باره‌ی سێ ته‌وه‌ر گفتوگۆ ده‌كرێت.

بابەتی چەند بارەبونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان دەخرێتەڕو
له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌، بابەتی چەند بارەبونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردودا و گرنگیی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و ڕێکارەکانی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز تاوتوێ ده‌كرێت.
گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان باس دەکرێت
هه‌روه‌ها له‌ ته‌وه‌ری دوه‌مدا بابەتی گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە پێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە ده‌خرێته‌ڕو.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، "بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدیه‌ ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ پڕۆژه‌ بودجه‌یه‌كی نه‌بوه‌.