ئامینە کاکە باوە: جێگەی نیگەرانییە سوید تەسلیمی داخوازییەکانی تورکیا بێت

10:20 - 29/06/2022

3139جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری کوردی سوید لەدوای راگەیاندنی بەئەندامبونی سوید و فینلاد لە رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، جێگەی نیگەرانییە سوید تەسلیمی داخوازییەکانی تورکیا ببێت، دەشڵێت، "تورکیا دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و رێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت و لە رێگەی دەستدرێژیە سەربازیە نایاساییکانی و داگیرکردنی سوریاوە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە".

تورکیا دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و رێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت

ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی سوید، رایگەیاندوە،" تورکیا دیکتاتۆرێکی ئیسلامییە و رێز لە مافی مرۆڤ ناگرێت و لە رێگەی دەستدرێژییە سەربازییە نایاساییەکانی و داگیرکردنی سوریاوە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە، جێگەی نیگەرانییە کە سوید تەسلیمی داخوازییەکانی بێت و  رێگەی پێبدرێت سیاسەتی دەرەوەی سوید کۆنتڕۆڵ بکات".

بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە کە حکومەت ئەم هەنگاوەی بە تەواوەی دژایەتی هێڵی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەکات

ئاماژەی بەوەشکردوە،" بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە کە حکومەت ئەم هەنگاوەی بە تەواوەی دژایەتی هێڵی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەکات و پێشتریش لە گەورەترین ناوەندی بڕیاری سوید پشتیوانی لێکراوە".

یەپەگە و یەپەژە ئازادیخوازن و جیهانیان لە دەستی داعش رزگار کرد

ئامینە کاکە باوە باسی لەوەشکردوە،"یەپەگە و یەپەژە ئازادیخوازن و جیهانیان لە دەستی داعش رزگار کرد، ئەمەش وایکرد سوید و وڵاتانی جیهان ببنە وڵاتێکی سەلامەتتر،   ئەوە ژنانی کوردبون کە پێشەنگی ئەم خەباتەیان گرتوە، سوید بەم هەڵوێستەی ناپاکی لەو ژنانە دەکات و دانوستان بۆ دورخستنەوەی مافی کەمینەکان دەکات و هێزە دیموکراسیەکان لە باکوری سوریا کە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆیان هەبوە".

پرسیارێکی نوسراو پێشکەش بە وەزیری دەرەوە دەکەم سەبارەت بە وردەکارییەکانی رێکەوتنەکە

ئامینە کاکە باوە دەڵێت، "پرسیارێک بە نوسراو پێشکەش بە وەزیری دەرەوە دەکەم سەبارەت بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە و پێویستە پەرلەمانتاران بانگی وەزیری دەرەوە بکەن بۆ لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی رونکردنەوەی پێویست بدەن دەشبێت،  حکومەت بە تەواوی بۆ گەلی سویدی رونبکاتەوە کە سوید چ ئیمتیازێک لە ئەندامێتی ناتۆ وەدەگرێت".

لە پەراوێزی کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچو، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سه‌رۆک كۆماری توركیا و ساولی نینیستۆ، سه‌رۆکی فینلاند، ماگدالینا ئاندرسۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەشدا داواکارییەکەی فینلاند و سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و ناڕەزایی تورکیا لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەسەر کرا، دوای کۆبونەوەکە سەرۆکایەتی کۆماری فینلاند لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تورکیا پشتیوانی لە سوید و فینلاند دەکات بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ.

شەوی رابردوش یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، "لەسەر پرسى به‌ ئه‌ندامبونى سوید و فینلانا لە ناتۆ له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن، نیگه‌رانییه‌كانى توركیا ڕه‌وێنرێته‌وه‌".