حکومەتی هەرێم دوای کوژرانی دو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین چەند بڕیارێک دەردەکات

08:53 - 28/06/2022

39182جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی دكتۆر كاوان ئیسماعیل و دكتۆر ئیدریس حەمەخان دەکات کە ئەمڕۆ لە روداوێکی تاوانکاریدا کوژران، جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە چەکی بێ مۆڵەت بنبڕبکرێت و "تاوانباران و خراپکارانیش لە هەر پلە و ئاستێکدا بن، دەستگیر دەکرێن".

لە ماوەیەکی کەم، تاوانبارەکە دەستبەسەر و ڕادەستی یاسا کرا
د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەداخەوە ئەمڕۆ دكتۆر كاوان ئیسماعیل و دكتۆر ئیدریس حەمەخان لە ڕوداوێكی "تاوانكاریدا گیانیان لە دەست دا و شەهیدبون، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانیش دەکەین کە لە چوارچێوەی کاری خۆیان و لە ماوەیەکی کەم، تاوانبارەکەیان دەستبەسەر و ڕادەستی یاسا کرد."
 سورین لەسەر ئەوەی چەکی بێ مۆڵەت  بنبڕ بکرێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم جۆرە ڕوداوانەیە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان سوربونی خۆی نیشانداوە لە سەر  گرتنەبەری هەمو ڕێکارێکی پێویست لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت و ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانباران و خراپکاران لە هەر پلە و ئاستێکدا بن".
بەیانیی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ دو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر له‌لایه‌ن خوێندكارێكه‌وه‌ کوژران
بەیانیی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ دو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر له‌لایه‌ن خوێندكارێكه‌وه‌ کوژران، سه‌ره‌تا خوێندكاره‌كه‌ بەهۆی ئەوەی لە زانکۆکەی خۆی فەسڵ کراوە و لە زانکۆی سەڵاحەدینیش وەرنەگیراوە، چوەتە زانکۆی سەڵاحەدین و هێرشیکردوەتە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆکە و پاسەوانێک، هەردوکیان برینداربون و دواتر راگری کۆلێژی یاسا مردوه‌، دواتریش  هێرشی کردوەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین و كوشتویه‌تی.

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم