ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوایەک ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات

05:58 - 28/06/2022

2076جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەوانەش دروستکردنی 8000 خوێندنگە لە سەرانسەری عێراق و چارەسەری کێشەکانی هاوڵاتیان، بۆیە داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە زوترین کاتدا.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باس لە دۆخی وڵات و ئاستەنگییەکان کراوە، کە حکومەت لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربونییەوە بەڵێنی ئەوە بوە کە حکومەتی قسە و کردارە و کار بۆ چارەسەری کێشەکانی هاوڵاتیان دەکەن، لەوانەش پڕۆژەی دروستکردنی 1000 خوێندنگە لە سەرانسەری عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق و چین، کە لە داهاتودا 7000 خوێندنگەی دیکەش دروست دەکرێن.

داوا دەکەن لایەنەکان هاوکاریان بن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە
ئەوەش هاتوە، حکومەت کاری لەسەر ئەوە کردوە نەچێتەناو ناکۆکی سیاسییەوە و زیاتر سەرنجی لەسەر داهاتو بوە، بۆیە لەئێستاشدا بە هەمو تواناوە کار بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئاسایشی خۆراک دەکەن و داواش دەکەن لایەنەکان هاوکاریان بن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.
 حکومەت کار لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی ئێستا لە دوا قۆناغی خۆی دایە و داواش دەکەن لایەنەکان کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە زوترین کاتدا، بۆیە حکومەت کار لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر دەکات.
جەخت لەسەر چارەسەری کێشەکان و کاری هاوبەشی زیاتر کراوە
باس لەوەش کراوە، لەدوایین سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بۆ سعودیە و ئێران باس لە دۆسیەکانی کارەبا، خۆراک، وەبەرهێنان، ئاسایشی ناوچەکە، وزە و پرسی ئاوکراوە و جەخت لەسەر چارەسەری کێشەکان و کاری هاوبەشی زیاتر کراوە.

نیشانەکردن

عێراق