سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

05:19 - 28/06/2022

8237جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی یاسای قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسای (بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی جولەکە)ی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرد، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانیکردوە بە گرتنەبەری رێکارەکان و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەکی لەسەر پڕۆژەیاساکە هەبێت، جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سەرۆک کۆمار پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین، ناسراوە بەوەی خاوەنی هەڵوێستێکی نەگۆڕە.

هاوشێوەی هەر پڕۆژەیەکی دیکە، مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیاسای بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی جولەکە کراوە 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە ماوەی رابردودا سەرۆکایەتی کۆمار پڕۆژەیاسای (بە تاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی جولەکە)ـی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەدەستگەیشت، بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دەرکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەسەر بنەمای رێکارە یاسایی و دەستورییەکان، کە سەرۆکایەتی کۆمار لە هەر پڕۆژەیاساکەدا پەیڕەوی دەکات کاتێک لە پەرلەمانەوە بۆی رەوانە دەکرێت.

سەرۆک کۆمار فەرمانیکرد پڕۆژەیاساکە بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەکی لەسەر بێت، بڵاوبکرێتەوە 

ئەوەش هاتوە، بۆیە د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار فەرمانیکرد بە مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆژەیاساکە لەسەر ئەو بنەمایەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رەوانە کراوە بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەکی لەسەر پڕۆژەیاساکە هەبێت، بۆیە یاساکە لە 20ی حوزەیرانی 2022دا لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە و خراوەتەبواری جێبەجێکردنەوە.

د.بەرهەم ساڵح پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین هەڵوێستی نەگۆڕە 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق هەروەک ئەوەی ناسراوە، هەڵوێستەکانی نەگۆڕن پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین و پشتیوانی بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافی گەلی فەڵەستین، لەوانەش ئازادی نیشتیمانەکەیان لە ژێر دەسەڵاتی قەوارەی جولەکە.

سەرۆک کۆمار لە ناوەندە نێودەوڵەتی و نیشتیمانییەکان پشتیوانی بۆ دۆزی فەڵەستین دوپاتکردوەتەوە 

ئەوەش خراوەتەڕو، سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە لەسەر پشتیوانی دۆزی فەڵەستین و مافی گەلەکەی، ئەو هەڵوێستەشی لە ناوەندە نێودەوڵەتی و نیشتیمانییەکان و لەکۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دوپاتکردوەتەوە.