له‌به‌رامبه‌ر واژۆنه‌كردنی "یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل" سه‌در هێرشده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رۆك به‌رهه‌م

01:07 - 28/06/2022

6318جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، به‌هۆی واژۆنه‌كردنی "یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل" هێرشی كه‌سی توند و دور له‌ دابونه‌ریت ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رۆك كۆمار و پێی ده‌ڵێت، "مایه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌كی زۆره‌، ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت سه‌رۆك كۆمار ره‌تیبكاته‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ واژۆ بكات"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سه‌رۆك كۆمار به‌پێی ده‌ستور شكۆی ده‌وڵه‌ته‌.

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، "نه‌نگییه‌ بۆ گه‌لی عێراق كه‌ سه‌رۆكێكیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان بێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و نیشتمانی نه‌بێت و لایه‌نگری هه‌بێت بۆ رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات".

بێبه‌ریم له‌و تاوانه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌به‌رامبه‌ر گەلی عێراقدا كردویه‌تی 
موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌شكردوه‌، "من بێبه‌ریم له‌و تاوانه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌به‌رامبه‌ر گەلی عێراقدا كردویه‌تی و په‌شیمانیشم له‌كاندیدكردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌خولی پێشودا و له‌داهاتوشدا".
 واژۆی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر یاساكانی په‌رله‌مانی عێراق، ته‌نها بابه‌تێكی پڕۆتۆكۆڵیه‌ 
ئه‌و هێرشه‌ تونده‌ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ سه‌ر سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌كاتێكدایه‌ واژۆی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر یاساكانی په‌رله‌مانی عێراق، ته‌نها بابه‌تێكی پڕۆتۆكۆڵیه‌ و له‌ دوای 15 رۆژ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردوه‌، به‌ ده‌رچو په‌سه‌ندكراو هه‌ژمار ده‌كرێت و كاری پێده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ دێت كه‌ واژۆنه‌كردنی سه‌رۆك كۆمار، هیچ له‌دۆخی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ناگۆڕێت و یاساكه‌ له‌رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی فه‌رمی بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
26ی ئایار ئەمساڵ به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د حه‌لبوسی و به‌ئاماده‌بونی 275 په‌رله‌مانتار پڕۆژه‌یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌سه‌ندكرا
26ی (ئایار/5)ی 2022 له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نێوێنه‌رانی عێراقدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌لبوسی و به‌ئاماده‌بونی 275 په‌رله‌مانتار له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌ كۆی ده‌نگ، پڕۆژه‌یاسای به‌تاوان هه‌ژماركردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌سه‌ندكرا، به‌پێی یاساكه‌ی په‌رله‌مانیش هه‌رجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمی و نافه‌رمی له‌سه‌ر ئاستی تاك و به‌كۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ ناوه‌وه‌ یان ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سزاكه‌ی له‌سێداره‌دان یان زیندانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بێت.
دوای 15 رۆژ له‌ ره‌وانه‌كردنی هه‌ر یاسایه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌گه‌ر واژۆبكرێت یاخود نا، یاساكه‌ به‌ په‌سه‌ندكراو هه‌ژمار ده‌كرێت
به‌پێی مادده‌ی 73 له‌ ده‌ستوری عێراق، دوای 15 رۆژ له‌ ره‌وانه‌كردنی هه‌ر یاسایه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌گه‌ر واژۆبكرێت یاخود نا، یاساكه‌ به‌ په‌سه‌ندكراو هه‌ژمار ده‌كرێت، مافی تانه‌دان و ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكان له‌ سه‌رۆك كۆمار وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

ته‌نها له‌ خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقدا، مافی تانه‌گرتن له‌ یاساكان به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردرا، كه‌ ئه‌وكات مامجه‌لال و تارق هاشم و عادل عه‌بدولهه‌مه‌دی بون، به‌ڵام بۆ خوله‌كانی دواتر ده‌ستور مافی تانه‌گرتنی له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌رگرته‌وه‌.