وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەقاچاخبردنی بەنزین بۆ هەرێم بەهۆی جیاوازی نرخەکانەوە دروستبوە

10:27 - 27/06/2022

1432جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاریکاری لەنێوانیاندا هەیە، بەمەبەستی رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی سوتەمەنی، دەشڵێت، رێوشوێنە ئەمنییەکانی ئەم دواییە قەیرانی بەنزینی کەم کردوەتەوە.

 هۆکاری سەرەکی بەقاچاخبردنی بەنزین لە هەرێـمی کوردستان، جیاوازی نرخی بەنزینە

خالد مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند،" هۆکاری سەرەکی بەقاچاخبردنی بەنزین لە هەرێـمی کوردستان، جیاوازی نرخی بەنزینە لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەدا".

دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر بەنزینی بەقاچاخبراودا گیراوە

ئاماژەی بەوەشکرد،"بە پشتبەستن بە راسپاردەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرکەوتو بوین لە دەستگیرکردن و لەناوبردنی تۆڕەکانی بەقاچاخبردنی بەنزین و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر بەنزینی بەقاچاخبراودا گیراوە".

لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم هەماهەنگی باشمان هەیە

باسی لەوەشکرد،" لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم هەماهەنگی باشمان هەیە، بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی سوتەمەنی، دەیان وێستگەی بەنزین دەستیان بەسەرداگیراوە، کە بەمەبەستی بە قاچاخبردنی بەنزینیان کردوەتە تانکەری تایبەتەوە".

قەیرانی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە

ئاشکراشیکرد،" لەدوای ئەو هەڵمەتەی دەستمانپێکردوە و ئەو هەماهەنگیەی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا هەمانە، قەیرانی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا قەیرانی بەنزین بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێمی گرتەوە و دواتریش قەیرانەکە پارێزگاکانی دیکەی عێراقی گرتەوە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکیشە قەیرانەکە روی لە کەمبونەوە کردوە و بە چەند نرخێكی جیاواز بەنزین بۆ شۆفێران تەرخانکراوە.