خه‌ندان-
هێڤیدار ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له په‌رله‌مانی كوردستان رايگەیاند، به‌پێی به‌دواداچون و پرسیاركردن له حكومه‌تی هه‌رێم، پێیانڕاگه‌یاندراوه، "پێش جه‌ژنی قوربان موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6)ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان دابه‌شده‌كرێت".
هێڤیدار ئه‌حمه‌د له لێدوانێكدا به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌دواداچونمان كردوه و پرسیارمان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه، چونكه داواكاریه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌ران هه‌بو له‌وه‌ی كه موچه پێش جه‌ژنی قوربان دابه‌شده‌كرێت یاخود چه‌ند وه‌زاره‌ت ده‌درێت، ئه‌وه‌ی به ئێمه گه‌یشتوه وه‌ك لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان، موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێش جه‌ژن دابه‌شده‌كرێت".
ئه‌وه‌مان له حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتوه كه موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێش جه‌ژن دابه‌شده‌كرێت
وتیشی، "ئه‌وه‌مان له حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتوه كه موچه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێش جه‌ژن دابه‌شده‌كرێت، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر هیچ نه‌قه‌ومێ، پێش جه‌ژن موچه‌ی سه‌رجه‌م موچه‌خۆران دابه‌شده‌كرێت".
چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین كاتی دابه‌شكردنی موچه دیار بكات
ئه‌مڕۆش سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ر له جه‌ژنی قوربان، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "وه‌زاره‌تی دارایی په‌یوه‌سته به بابه‌تی دابه‌شكردنی موچه، بابه‌تی موچه په‌یوه‌ندی به‌و وه‌زاره‌ته‌وه هه‌یه، وه‌كو حكومه‌تیش پێشتر رامانگه‌یاندوه، له داهاتی به‌رده‌ست ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه، ئێستاش چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین كاتی دابه‌شكردنی موچه دیار بكات".
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی خانه‌نشینی سه‌ربازی، كۆتایی به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵ هات، به‌پێی سه‌رچاوه‌كانیش بڕیاره له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوه‌وه ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (حوزه‌یران/6) بكرێـت و هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی رابردوش، یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت كه موچه وه‌رده‌گرێت، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌بێت.